کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان بە دژی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن

12:43 - 23 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپیشاندانێک له ‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ پشتیوانی لە خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان بەرێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٢ی سێپتامبری ٢٠١٨، به‌رانبه‌ر به‌ ٢١ی خه‌رمانان، لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپیشاندانێک له ‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا بۆ پشتیوانی لە خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان بەرێوە چوو كه‌ تێیدا وێڕای بێزاری ده‌ربڕین له‌ مووشه‌كباران كردنی بنكه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ شاری كۆیه‌، کە تێیدا ١٧ تێکۆشەری دێموکرات و لە نێویان دا ئـەندامانی ڕێبەری شەھید بوون و پتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون.

ھاوکات خۆپیشانده‌ران له‌ داردانی سێ به‌ندكراوی بێتاوانی كورد كه‌ رۆژی ١٧ی خه‌رمانان له‌ لایەن‌ رێژیمی په‌ت و سێداره‌وه‌ له‌ دار دران، مه‌حكووم كرد.

خۆپیشاندەران، بە وتنەوه‌ی دروشم و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدانی مووشه‌كبارانی بنكه‌كانی دێموكرات لە کۆیە و گیراوه‌ سیاسی و پێشمه‌رگه‌ ئێعدام كراوه‌كانی ١٧ خەرمانان، تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان مەحکووم کرد.

هاوکات رێزیان لە یاد و بیرەوەری شەهیدان به‌ گشتیی و نوێترین شه‌هیدانی كورد و كوردستان گرت و پەیمانیان نوێ کردەوە کە تاکوو وەدیهاتنی ئامانجی ئەو شەهیدانە، درێژەدەری رێگا و رێبازیان دەبن.

خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی ئینگلیسی، فارسی و کوردی و هەروەها سرودی شۆڕشگێڕی پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیان مەحکووم کرد.

خۆپیشاندەران، داواکاری هاوکاری ئامریکا بوون بۆ گۆڕینی رێژیم لە ئێران و پێیان وابوو تاکوو کۆماری ئیسلامی هەبێ ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نایەتە دی.

لە درێژەی ئەو بەرنامەدا، کامران باڵنور بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بڕیارنامەی خۆپیشاندەرانی خوێندەوە کە تێیدا داوا لە ئامریکا کرابوو لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوچەکە کاردانەوەی جیددتری هەبێ؛ دواتر ئەو بڕیارنامەیە رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، رە‌حیم رەشیدی لەسەر مانگرتنی سەرانسەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان قسەی کرد و وێڕای سپاس و پێزانینی خۆپیشاندەران بۆ ئەوان، وتی کە پەیام و داوای خەڵکی  کوردستان یەکڕیزی و یەکگرتوویی پتری حیزبە سیاسییەکان و کاری ھاوبەشی ئـەوانە چوونکە دوژمن بە یەک چاو ھەموومان دەبینێ.

بڕیارە ناوەندی ھاوکاری ڕۆژی یەکشەممەش کۆڕیادی شه‌هیدانی هه‌شتی سێپته‌مبه‌ر بەڕێوەببات و لەسەر لە قاودانی تیرۆریزمی ئـێران بەردەوام بێ.

شیاوی باسە کە، وێڕای نوێنەرانی ‌حیزبە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان، کۆمەڵێک لە ئازادیخوازانی نەتەوەکانی ئێران و چالاکانی مافی مرۆڤ و راگەیەنەرە کوردی و بیانییەکان ئامادەی خۆپیشاندانەكه‌ بوون.