کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڕاگریی مێژوویی بانە بەردەوامە

21:51 - 15 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دوای درێژەکێشانی سێ حەوتوو مانگرتنی شاری بانە، رژیم هەر خەریکی چاوسوورکردنەوە لە خەڵکە و خەڵکیش پشت لە هەڕەشەکان دەکەن و بە هێمنانە و مافویستانە، درێژە بە کردەوەی مێژووییان دەدەن.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری بانەوە ئەمڕۆ شەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧، سێ حەوتوو بە سەر دەسپێکی مانگرتنی ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستاندا تێپەڕی و هەرچەند مانگرتنی چەند شارێک تەنیا رۆژەکانی سەرەتایی بوو، بەڵام شاری بانەی خۆڕاگر سێ حەوتووی بەردەوام و بێپێشوو، لەسەر داوای رەوای خۆی سوورە و بە مانگرتن و چالاکیی هێمنانە ویستی خۆی بە هەموو جیهان نیشان داوە.

دوای سێ حەوتوو درێژەکێشانی مانگرتن لە شاری بانە، رژیمی کۆماری ئیسلامی هەرچی پیلان و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکردن و بانگهێشتکردنی لە دەست دەهات ئەنجامی دا و تەنانەت گەمارۆی راگەیاندنی و ئینتێرنێتیشی سەر شاری بانە خست تاکوو لە بێدەنگیدا و بە هەڕەشی نهێنی و مانۆڕی هێزە سەرکوتکەرەکانی خەڵک چاوترسێن بن و مانگرتنەکەیان بشکێنن.

لەو نێوەدا هەندێک دەستوپێوەندیشی هان دا کە بە کردنەوەی ژمارەیک دووکان و یەکێک لە پاساژەکان، وا بنوێنن کە خۆراگریی خەڵک تێك شکاوە و ورەی خەڵک دابەزێنن، بەڵام خەڵکی بانە هەروا قارەمانانە لەبەرامبەر رژیمدا راوەستاون.

رژیمی کۆماری ئیسلامی لە رێگەی نوێنەری خامنەیی و ئیمامی جومعەی شارەوە ویستی خەڵک فریو بدا، بەڵام لە رۆژی ١٤ی بانەمەڕدا، خەڵک مزگەوتی جامیعی شاریان بەجێهێشت و روویان لە مزگەوتی گوندی کەوپێچ کرد کە مەلایەکی خەڵکی تێیدا بەرنوێژە!

ئەم هەنگاوە مەدەنی و هێمنانە و دژبە ستەمکاریانەی رژیم، هەرکامەیان وانەیەکی مێژوویین کە کوردستان و خەڵکی شاری قارەمانی بانە دەیڵێنەوە.

شیاوی ئاماژەیە کە بەبۆنەی داخرانی سنوورەکانەوە و هەوڵی رژیم بۆ نانبڕکردن و برسیکردنی کوردستان و کورد، خەڵک دەستیان داوەتە مانگرتن و ئەو مانگرتنانەنی خەڵک لە ئاستی تەنیا داواکریەکی ئابوورییەوە قەتیس نەماوە و ئیرادەی مافویستی و پێکەوەبوونی گەلێک دەسەلمێنێ.