کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەونەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەشڵەژێت

12:36 - 21 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بەهیوا بوو، کە پاش وەگەڕخرانی گەمارۆوەکان بۆ سەر کەرتی نەوتەکەی، نرخی نەوت بەرز بێتەوە و بە قازانجی ئەو تەواو ببێت.

سەرەڕای چاوەڕوانییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە وەگەڕخرانی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر کەرتی نەوتەکەی، نرخی نەوت دابەزینێکی سەیری بە خۆوە دێت و لە بەرمیلێک ٨٥ دۆلارەوە بۆ ٧٠ دۆلار دابەزیوە.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، وەزیری نەوتی عەرەبستان ڕایگەیاند، بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، هەناردەکردنی نەوتی عەرەبستان لە مانگی داهاتووەوە، ڕۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل کەمتر دەبێت.

خالید فالێح، وەزیری نەوتی عەرەبستان، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت (ئۆپێک و نائۆپێک)، کە لە ئەبووزەبی بەڕێوە چوو، باسی لەوە کرد، کە هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لە بارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، لە نێوان وڵاتانی ئۆپێک واژۆ نەکراوە.

بانگەوازی "کۆبوونەوەی ئەبووزەبی" لە حاڵێکدا دەر کراوە، کە چوونەسەرەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی "نەوتی شیل" یان "نەوتی لمیـ"ـی" ئامریکا لە مانگی ئۆکتوبێر، لە لایەک و گەشەی ناتەواوی ئابووری لە هێندێ وڵات وەکوو فەڕانسە و ئیتالیا و پێویستیی کەمتریان بە نەوت، دابەزینی خێرای نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکانی لێ کەوتەوە.

بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە ڕۆژەکانی دواییدا، هێندێ کارناسی ئەم بوارە بە نیسبەت سەرهەڵدانی قەیرانی نرخی نەوت وەکوو ساڵی ٢٠١٤ هۆشدارییان دا، کە لەو ساڵەدا نرخی نەوت هەتا بەرمیلێک ٣٠ دۆلار دابەزی.

بەپێی ئەم دابەزینەی نرخی نەوت و گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، تەمەنی ئەو ڕێژیمە بەرەو کۆتایی دەڕوات و بە هۆی ئەو گوشارانەی کە لە سەریەتی ئیتر ناتوانێت وەکوو جاران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تەڕاتێن بکات.