کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی هونەریی ساڵی ۲۰۱۹ی ماملێ بەخشرا بە هونەرمەند حوسێن سەفا‌مەنێش

17:48 - 3 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: خەڵاتی زێڕینی ماملێ کە ساڵانە بە هونەرمەندانی ناسراوی کورد دەبەخشرێت، لە ساڵی ۲۰۱۹ی زایینیدا بەخشرا بە هونەرمەند حوسێن سەفامەنێش.

خەڵاتی زێڕینی ماملێ کە بۆ ماوەی ۱۰ ساڵە لە لایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێیەوە بە سەرپەرستی وریا ماملێ کۆڕی خوالێخۆشبوو هونەرمەندی ناوداری کورد محەمەد ماملێ بەڕێوە دەچێت و هەموو ساڵێک بە هونەرمەندێکی ناسراو و چالاکی نەتەوەی کورد دەبەخشرێت، لە ساڵی ۲۰۱۹ی زایینیدا دەبەخشرێت بە هونەرمەند حوسێن سەفامەنێش.

بە هۆی دەوڵەمەندکردنی ئارشیڤی گۆرانی کوردی لە ماوەیەکی کورتی تەمەنیی هونەریی هونەرمەند حوسێن سەفامەنێش و هەوڵدان بۆ ئافراندن نەک کۆپیکردنی موزیک، ڕۆشنگەرییکردن بۆ پاراستنی زمانی دایکی لەناو کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی لە ڕێگای هونەری موزیکەوە، بەکارهێنانی هەموو ئەو زاراوە کوردییانە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونیان هەیە لە گۆرانییەکانیدا، بەبیرهێنانەوەی بە گوێی بەردەنگی کورد و زیندووکردنەوەیان، هەوڵدان بۆ سازکردنی ڕۆحێکی نەتەویی و بەدوور لە ناوچەگەرایی لە ڕێگای هونەرەوە؛ هەروەها هۆکارێک کە لە هەموو ئەو خاڵانەش گرنگتر بوو، ئەوەیە کە بە ڕەوشتێکی هونەریی و کەڵکوەرگرتن لە پێگەی کۆمەڵایەتی و هونەریی خۆی بۆ خزمەتکردنی بێوچان و ماندوویینەناسانەی بومەلەرزەلێدراوانی ناوچەی کرماشان، بووبە هۆی ئەوەی کە حوسێن سەفامەنێش هونەرمەندی نەتەوەیی و ناسراوی کورد و دانیشتووی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێیەوە وەکوو هونەرمەندی ساڵی ۲۰۱۹ی زایینی دەستنیشان بکرێت و لە ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنانی سادە و ساکاردا خەڵاتی زێڕینی ماملێی پێشکەش بکرێت.

 لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا خەڵاتی زێڕینی ماملێ وەکوو نەریتێکی ساڵانە بە ڕیزبەندی ساڵەکان بە هونەرمەندان، کۆچکردوو قالەمەڕە لە ڕۆژهەڵات، ئەندێرس ئیسراییل خەمۆ لە باکوور، کۆچکردوو عەباس کەمەندی لە ڕۆژهەڵات، عەزیز شاهرۆخ لە ڕۆژهەڵات، ناسر ڕەزازی لە ڕۆژهەڵات و دانیشتووی باشووری کوردستان، زۆزان لە باکوور، تیپی موسیقای سلێمانی لە باشوور، مەزهەر خالەقی لە ڕۆژهەڵات و دانیشتووی باشووری کوردستان و هەروەها خەلیل خەمگین لە ڕۆژاوای کوردستان، ئەو خەڵاتەیان پێشکەش کراوە.