کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک بارمتەی جەللادن

19:10 - 15 خەزەڵوەر 2718

کەریم پەرویزی

لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتکارانە و تاوانبارانەی ڕێژیم و دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا، تەنیا رێگا راپەڕین و دژایەتیی هەموو سیما و رەهەندەکانی دەسەڵاتی ناڕەوایە چونکە ئەم جۆرە دەسەڵاتە داسەپاوانە تەنیا کارێک کە دەیکەن یان خۆیان خەڵک سەرکوت دەکەن و لە نێوی دەبەن، یان خەڵک بە بارمتە دەگرن بۆ بەردەوامیی ڕێژیمەکەیان.

کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێکی دوور و درێژە سەرەڕۆیی و ئاژاوەگێڕی دەکا، وەکوو هەمیشە لە پێناو مانەوەی ڕێژیمەکەدا و بۆ پەلهاویشتنی تیرۆریستانە بۆ هەموو شوێنێکی ناوچەکە، هەموو هەزینەیەک بە سەر خەڵکانی ئێراندا دەسەپێنێ و ئامادەیە کە خەڵک بکا بە قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی خۆی.

لە دوای رێککەوتنی بەرجامەوە دەرەتانێکی دیکە بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درا کە وردە وردە خۆی لەگەڵ جیهاندا بگونجێنێ و بەرەو ڕێژیمێکی نۆرماڵ هەنگاو هەڵ بگرێ. ڕێژیمێکی نۆرماڵ کە هەم رێز لە یاسا و پڕەنسیپە جیهانییەکان بگرێ و هەم هەوڵ بدا کە لە دەرفەتەکان بۆ گەشەکردنی وڵات و ژیانی باشتری خەڵکانی ئێران کەڵک وەر بگرێ، بەڵام هەر وەک دەمانزانی و پێشبینیکراو بوو، ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیک و پاوانخوازی وەکوو کۆماری ئیسلامی ئەو جۆرە رێککەوتنانە نەک بۆ گەشەکردنی وڵات بەڵکوو بۆ پەرەدان بە تیرۆریزم و ئاژاوەگێڕی بەکار دێنێ.

ئەم رەوتە بووە هۆی دووبارە گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و ئابووریی وێرانی وڵات بەرەو وێرانیی زیاتر هەنگاو دەنێ؛ بەڵام لەم نێوەدا وەکوو هەمیشە ئەوە نەتەوەکانی ئێران و خەڵکانی نیشتەجێی وڵاتێکی بەڵالێدراوی وەکوو ئێرانن کە دەکرێنە قوربانیی سیاسەتی پاوانخوازی و سەرەڕۆیی ڕێژیمی حاکم لە تاران.

رووحانیی سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیم، لە رۆژی ١٤ی خەزەڵوەردا دەڵێ کە ئەم گەمارۆیانە تەنیا گوشار بۆ خەڵک دێنن و گوشار بۆ هیچی دیکە ناهێنن!

ئەم وتەیە، هەرچەند هەندێ شتی ناڕاستی تێدایە و گەڕانەوەی گەمارۆکان پارەی دەستی ڕێژیمی تیرۆریست و سوپای پاسدارانی تیرۆریست کەم دەکا و بێهێزیان دەکا، بەڵام نیشانەی فەلسەفەیەکی تاوانبارانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە!

لە هەموو جیهانی ئازاد و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، کاتێک قەیرانێک بەرەوڕووی وڵات دەبێتەوە، دەسەڵاتداران و خاوەن پێگەکانی وڵات هەموو هەزینەیەک لە خۆیان و لە هێزی نیزامی دادەنێن تاکوو قەیرانەکە تێپەڕ بێ و خەڵک بە ئاسوودەیی بگەن، بەڵام لە ڕێژیمێکی وەک دەسەڵاتی داسەپاو لە تاراندا، سەرکۆماری ئەم ڕێژیمە بەوپەڕی بێشەرمییەوە دان بەوەدا دەنێ کە خەڵکیان وەکوو بارمتە گرتووە و هەرچی گوشار بۆ ڕێژیم بهێندرێ، ئەوانیش خەڵک دەکەنە قەڵغانی بەڵاکان و وەکوو بارمتەیەک روو بە دونیا دەڵێن کە گەر گوشارمان بۆ بێنن، خەڵک ئازار دەدرێ!

ئەوەی راستە کە گەمارۆکان لە نان و خوانی خامنەیی و رووحانی و تاوانبارانی نێو ئەم ڕێژیمە کەم ناکاتەوە، بەڵام هەموو کردەوە و هەنگاو و سیاسەتەکانیان زیاتر دەیسەلمێنن کە ئەم ڕێژیمە نەک دەسەڵاتی ئیدارەکردنی وڵاتی نییە، بەڵکوو باندێکی مافیایی و تیرۆریستن کە نەتەوەکانی ئێرانیان بە بارمتە گرتووە و دەبێ بە هەر شێوەیەک بووە هەوڵ بۆ رزگارکردنی بارمتەکان لە دەستی مافیای کۆماری ئیسلامی بدرێ.