کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک خۆشحاڵیی خۆیان لە سەرکەوتنی مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵات دەربڕی

12:28 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی شارەکانی کوردستان، لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، خۆشحاڵیی خۆیان سەبارەت به سەرکەوتنی مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی.

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاویدا، لە ژێر ناوی "من کەرامەتی نەتەوەییم دەپارێزم و لە ماڵ نایێمە دەرەوە"، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر لەسێدارەدانی سێ چالاکی سیاسی کورد و هەروەها مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، خەڵکی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات به نەهاتنەدەر لە ماڵەکانیان و هەروەها داخستنی بازاڕ و دووکانەکان، بۆ جارێکی دیکە "نا" یان بە کۆماری تێرۆر و سێدارە وت.

لەم مانگرتنە سەرتاسەرییەدا، که زۆرتر لە ٢١ شاری کوردستانی تێدا بەشدار بوون، ڕێژیمی کۆنەپەرەستی ئێران بۆ کۆتاییهێنان به مانگرتنەکە به ڕەنگکردن، فیلم هەڵگرتن و هەروەها دیاریکردنی دووکانە داخراوەکان لە هەوڵی کۆتاییهێنان به مانگرتنەکه بوو، کەچی خەڵکی کوردستان سوور بوون لە سەر مانگرتنەکە، تا جێگایەک که خەڵکی ئازادیخوازی مەهاباد لە درێژەی ناڕەزایەتیدەربڕینەکەی خۆیاندا بەرانبەر به ڕێژیمی ئێران و لە وڵامی گوشارەکانی هێزە ئەمنییەکان سەبارەت بە کردنەوەی دووکانەکان، هەڕەشەی چۆڵکردنی یەکجاریی شاریان لە هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.

لە دوایین کاتەکانی ڕۆژدا، شەپۆلی خۆشحاڵیی خەڵکی کوردستان لە سەرکەوتنی مانگرتنە گشتییەکەی کوردستان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە و خەڵک بە بڵاوکردنەوەی فیلم و وێنەی تایبەت به مانگرتن و هەروەها نووسینی "سپاس ڕۆژهەڵات"، خۆشحاڵیی خۆیان سەبارەت بە سەرکەوتنی دووبارە و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی خەڵکی کوردستان دەربڕی.