کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لە زانکۆی زانستی پزیشکیی سنە ناڕازین

10:09 - 22 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەهەمبەر کەمبوون و لاوازبوونی خزمەتگوزاریی کارمەندان و بەرپرسانی زانکۆی زانستی پزیشکیی سنە، گۆڕینی یەک بەدوای یەکی بەرپرسانی ئەم زانکۆیەی بەدواوە بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، "سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، بۆ جارێکی دیکە، بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنەی لەسەر کار لادا و ئەمجارە "فەرزین ڕەزاعیـ"ـی وەکوو بەرپرسێکی نوێ بۆ ئەم زانکۆیە دیاری کرد.

خەڵکی شاری سنە لەهەمبەر جۆرەکانی خزمەتگوزاریی پزیشکیی ئەم زانکۆیە سەبارەت بە نەخۆشەکان ناڕازین و ڕایانگەیاندووە کە سیستمی نۆرەدانان، کەمبوونی پزیشک لە هەندێک لە نەخۆشخانەکاندا و لاوازیی خزمەتگوزارییەکان، ئەوانی تووشی کێشە لە کەرتی دەرماندا کردووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی کەمتەرخەمی و ڕوودانی ڕووداوگەلی دڵتەزین چەندین جار بەرپرسی ئەم زانکۆیە گۆڕدراوە بەڵام هیچ گۆڕانێک لە کارەکاندا نەبینراوە.

زانکۆی زانستی پزیشکی وەکوو سەرەکیترین ناوەندی بەرپرسیار سەبارەت بە ڕووداوەکانی نەخۆشخانەکان بەئەژمار دێت بەڵام بەداخەوە ساڵانە بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشک و پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکان، ڕووداوگەل دڵتەزێن ڕوو دەدات کە لە کۆتاییشدا تەنیا وڵامی ئەم زانکۆیە ئەوەیە کە ئەو نەخۆشخانانە وەکوو ناوەندی فێرکاری - پزیشکی کار دەکەن و ڕوودانی ئەو چەشنە ڕووداوانەش بەلایانەوە زۆر ئاساییە.