کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک لەگەڵ چەواشەکارییەکانی مۆرەکانی رێژیم ئاشنایەتیی دێرینیان هەیە

12:23 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە بە وریاییەوە لە رووداوەکانی ئێستای کوردستان دەڕوانن و بە چەواشەکارییەکانی رێژیم بەلاڕێدا ناچن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە نێو دەزگا و کاناڵەکانی راگەیاندن و هەروەها لە بیروڕای گشتیی خەڵکدا، بە هەموو چین و توێژەکانەوە بە گومانەوە چاو لە هەڵسوکەوتی هەندێک مۆرەی رێژیم دەکەن کە لەم سەرەمەرگەی رێژیمدا دەیانەوێ بە فریوکاریی نوێ، بیری خەڵک بەلاڕێدا ببەن.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی قسەکانی مەحموودزادە نوێنەری رێژیم بۆ شاری مەهاباد، لە مەجلیس  کە تێیدا هەندێ چەواشەکاریی کردبوو و بە هەڵخڕاندنی هەستی خەڵک دەیەوێ بیری خەڵک لە تاوانەکانی رێژیم دوور بخاتەوە وا بنوێنێ کە لە مەجلیسی ئەم رێژیمەدا دەرەتان هەیە کە باس لە هەندێ شت بە شێوەی سنووردار بکرێ، چالاکانی سیاسی و خاەنڕایان هەڵوێستیان هەبوو و کاردانەوەی ئەو قسانە نیشانی داوە کە خەڵکی کوردستان لە هەموو فرتوفێڵ و چەواشەکارییەکانی رێژیم و مۆرەکانی گەیشتوون.

لە دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بیروڕای گشتیدا، پرسیاری لەو چەشنە بڵاو دەبێتەوە کە بۆچی مۆرەکانی رێژیم چەند ساڵە بێدەنگن و لەناکاو لە مەجلیسی فەرمایشییەوە قسەی لەم چەشنە بڵاو دەکرێتەوە؟! بۆچی هەتا پێشتر دەیانگوت کۆڵبەر تاوانبارە و دەبێ بکوژرێ بەڵام ئێستا دەڵێن کۆڵبەر دەرفەتە و هاوکات لەگەڵ ئەو دەرفەتە! دەرفەت بە مۆرەکانیان دەدەن کە هەندێ قسە بۆ شێواندنی رای گشتی بکەن؟

یان پرسیاری لەو چەشنە دەکرێ کە لە کاتێکدا رۆژانە سەدان رۆڵەی کورد لە زیندان دەخرێن و دەیانیان ئێعدام کراون، بۆچی یەکجاریش ئەو مۆرانەی رێژیم وەقسە نەهاتن یان مانیان نەگرت تا پشتیوانی لە رۆڵەی خەڵک بکەن بەڵام لەم کاتەدا کە رێژیم لە لێواری مەرگدایە دەکەونە پەلەقاژەی دۆزینەوەی دەرفەت بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی؟!

ئەمانە چەند نموونەی پرسیاری چالاکانی سیاسی و دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن کە نیشان دەدەن بیروڕای کوردستانی رۆژهەڵات لەسەر هەستە و بە چەواشەکارییەکانی رژیم ئاشنان و فریوی ناخۆن.