کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شاری سنە مانگێکە ئاوی پیس دەخۆنەوە

11:19 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نزیک بە مانگێکە خەڵکی شاری سنە، بۆ خواردنەوە و پاک و خاوێنیی، لە ئاوی پیس کەڵک وەر دەگرن.

بە هۆی چاوەدێری نەکردنی بەرپرسانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری سنە، بەسەر چۆنیەتی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە، بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی سنە ئاوی پیس دەخۆنەوە و خەڵکی سنە لەم پێوەندییەدا هەتا ئێستە میلیۆنها تمەن زەرەریان بەر کەوتووە.

دابەزنی ئاستی خاوێنیی ئاوی خواردنەوە گەڕەکەکانی شاری سنە، هەتا ڕادەیەکە کە لە کاتی خواردنەوەی ئاوی شاری و لوولەکێشیی، حاڵەتی هێڵنجدان ڕوو دەدات.

ئاوی شاری سنە کە لە خاوێنترین ئاوەکان بە ئەژمار دێت، بە هۆی پێڕانەگەیشتن و چاوەدێری نەکردنی لە لایەن ئیدارەی ئاوی ئەو شارە، بۆن و تامەکەی گۆڕدراوە، کە خەڵکی شاری سنە ناچارن بۆ خواردنەوە و هەروەها پاک و خاوێنی لە ئاوی مەعدەنی کەڵک وەر بگرن.

لەم پێوەندییەدا ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێشتریش هەواڵێکی بڵاو کردەوە، کە تێدا باس لە ناخاوێنیی ئاوی شارەکی دووشان لە سنە و کڕینی ئاوی مەعدەنی بۆ خواردنەوە و شۆردنەوە کراوە، لە حاڵێکدا کە خەڵک لە بارودۆخێکی نالەباری ئابووریدا دەژین.

ئەم جۆرە حاڵەتانە لە کاتێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا چەندین ساڵە خەریکی سازکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاوی کوردستانە و بە بۆری گەورە ئاوی ئەم بەنداوانە بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران دەگوازێتەوە و بیاوانەکانی ئێرانی پێ ئاوەدان دەکاتەوە، کە یەکێک لە سیاسەتە کۆمەڵکوژی و ژئۆپولتیکییەکانی ڕێژیم لە هەمبەر کوردستان لە قەڵەم دەدرێت.