کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی شاری مەلکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، لە ئاوی خواردەمەنیی خاوێن بێبەشن

12:27 - 23 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی کەمئاوی و نەبوونی ئاوی خواردەمەنیی خاوێن لە کوردستان، خەڵکی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووە.

شاری مەلکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە ١٨ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە، لە ئاوی خواردەمەنی خاوێن بێبەشن و سڵامەتیی ئەو خەڵکە لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو بووە و ڕێژیمیش هیچ هەوڵیک بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێنیان بۆ نادات.

خەڵکی شاری مەلکشایی کە لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئاوی خاوێن بەرەوڕوو بوونە، بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستیان ڕوویان کردووەتە شاخەکان و لە کانییەکان ئاوی خواردەمەنیی خۆیان دابین دەکەن و هەموو ڕۆژێک دەیان کیلۆمێتر بۆ گەیشتن بە کانییەکان تێدەپەڕێنن و بە دەبە و گاڵۆن ئاوی پێویستیان دابین دەکەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕیژیمی ئێران ٦ ساڵە بەڵێنی داوە، کە بە گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی ئیلام، ئاوی خواردەمەنیی شاری مەلکشایی دابین دەکات، بەڵام هەتا ئێستە بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، تەنیا ٤٥ لەسەدی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە و هێشتا تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە نادیارە.

جێگەی ئاماژەیە، کە نەبوونی ئاوی خواردەمەنیی خاوێن، سڵامەتیی خەڵکی ئەو شارەی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووە و نەخۆشییە هەناوییەکان ڕووی لە زیادبوونە.

ئەم کێشە و گرفتانە لە حاڵێکدایە، کە پارێزگاکانی کوردستان، ئاوێکی زۆریان هەیە و نابێت لەگەڵ ئەو کێشانە بەرەوڕوو ببن، بەڵام ڕێژیم بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ بیاوانە ناوەندییەکانی ئێران، کوردستانی تووشی کێشە کردووە.