کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان، پارێزگاری لە ژینگەکەیان دەکەن

13:41 - 29 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بە دوای بانگەوازی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، ژینگەپارێزان و خەڵکی مەریوان لە هەوڵێکدا، ژینگەی زرێبار و دەوروبەریان خاوێن کردەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری مەریوان، لەمبارەوە ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ٢٧ و ٢٨ی خەرماناندا، بە دوای بانگەوازی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، خەڵکی مەریوان لە هەڵمەتێکی ژینگەدۆستیدا، زرێبار و دەوروبەریان لە زبڵ و خاشاک پاک کردەوە.

زرێبار کە لە ئێستادا و بەهۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم و هەوڵە سیستماتیکییەکانی بۆ لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستان، لە دۆخێکی قەیراناویدایە و مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.

یەکێک لە بەشداربووانی ئەم هەڵمەتە کە چالاکێکی مەدەنیی شاری مەریوانە و نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لەبارەی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاند کە لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان فرەڕەهەندە و تەنیا ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان نییە و وتی:

"ڕەهەندەکانی لەنێوبردنی ژینگە زۆرن و خەڵک ناتوانێت پێشیان پێ بگرێت، بۆ نموونە ئەگەر سەیری گۆلی زرێبار بکەین، خەڵک ڕەنگە بتوانێت بۆ خاوێنکردنەوەی هەوڵگەلێک بدات، بەڵام کاری سەرەکی دەبێ لە لایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە بۆ بەرگریکردن لە لەنێوچوونی زرێبار بکرێت، بەڵام بەداخەوە نەک هیچ کارێک بۆ پاراستنی ناکات، زیاتریش دەبنە هۆی لەنێوچوونی ژینگەی زرێبار".

ئەم چالاکە مەدەنییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند:"ئەم هەوڵانەی خەڵک باش دەنرخێنم، بەڵام لە چاو هەوڵە سیستماتیکە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران وەڵامدەر نییە".

بە وتەی ژینگەپارێزان و چالاکانی ئەم بوارە، بیرە ئاوەکانی دەوروبەری زرێبار و داگیرکاریی سپای تێرۆریستی پاسداران و خەڵکی هەلپەرەست لە دەوروبەری زرێبار و ڕژانی ئاوەڕۆی گوندەکانی دەوروبەری زرێبار بۆ نێو ئاوی ئەم گۆلەیە، هەر کام و لە جێی خۆیدا مەترسییەکی جیددین بۆ لەنێوچوونی زرێبار.