کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان پەیمان لەگەڵ پێشمەرگە نوێ دەکەنەوە

11:11 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی هاتنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، چالاکییە تەبلیغییەکان لە کوردستان بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات، بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی حیزبی دێموکرات و خەباتی پێشمەرگە، لە شاری بۆکان و میاندووئاو چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

پێشمەرگەکانی شار لە نێوخۆی وڵات بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغیی، ڕێزیان لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان گرت و بەرەو پیریی ئەو ڕۆژە مێژوویی و پیرۆزەوە چوون.

ئەمجارە ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری بۆکان، پێشمەرگەکانی شار و شاخ بە هاوکاری یەکتر لە جاددە و نێو گوندەکانی "خەتایی، کلکەی سووچیان، سەوزی، سەرچنار، قەڵای ڕەسووڵە سیت، پیرۆلی باغی، ئەتابڵاغی و قەرەموسالی، ئوتوبانی مەهاباد ـ میاندووئاو چالاکیی بەرینی تەبلیغیان بەڕێوە برد.

هەروەها لە نێو شارى بۆکان هەتا شارى مياندووئاو و جاددەی گوندەکانی ئەو دوو شارە تراکت و وێنەی تایبەت بەو ڕۆژە بڵاو کراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو چالاکییانەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە جاددەكانى بۆكان ـ سەقز و بۆكان ـ مياندووئاو بە بڵاو کردنەوەی پۆستێری تایبەت ڕێزیان لە خەباتی پێشمەرگە گرت.