کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران بەرانبەر بە دۆخی ئینتێرنێت لەو وڵاتەدا ناڕازین

13:03 - 28 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کێشەی ئینتێرنێت لە ئێراندا باسێکی نەبڕاوەیە و دابەزینی خێرایی و کارایی ئینتێرنێت لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا، ناڕەزایەتیی بەکارهێنەرانی بەدواوە بووە.

دابەزینی خێرایی و کارایی ئینتێرنێت لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا لە ئێران، ناڕەزایەتی و سکاڵای بەکارهێنەرانی بەدواوە بووە و ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە نێوان سکاڵاکانی بواری پێوەندییەکاندا، زیاترین سکاڵا تایبەت بە بواری خێرایی و کارایی ئینتێرنێت بووە.

هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە سەرەڕای خراپیی دۆخی ئینتێرنێت و دابەزینی خێرایی و کاراییەکەی، چوونە سەرەوەی نرخی ئینتێرنێتیش یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی بەکارهێنەرانە.

"محەممەد جەواد ئازەریی جەهرۆمی"، وەزیری پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە دیاریکردنی ڕێژەیەک لە پانتایی باندی فێرێکانسی هەندێک لە ئۆپێراتۆرەکان بە سیستمی فڕۆکەوانییەوە، هۆکاری دابەزینی کارایی ئینتێرنێتە.

دابینکردنی ئینتێرنێتی خێرا و بە نرخی گونجاوەوە یەکێک لە ئەرکەکانی دەسەڵاتە لە هەر وڵاتێکدا کە لە ئێراندا بە شێوەی بەردەوام بەرتەسک دەکرێتەوە.