کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران لەگەڵ گرانی و هەژاری ژیان بەسەر دەبەن

11:02 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: گرانی و هەژاری وەکوو دوو دیاردە له کۆمەڵگای ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  پەرە دەستێنێت؛ مووچەی کەمی کرێکاران و گرانبوونی کاتیی مادە خۆراکییەکان و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان، گوزەرانی خەڵکیان لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە؛ نرخی کاڵا خۆراکی و خواردنەوەکان، لە سەرماوەزی ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، به شێوەی نێونجیی  ٥٢ لەسەد گرانتر بووە.

ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕیژیم باس لەوە دەکات، که هەڵاوسانی مانگی سەرماوەز نیشان دەدات، که نرخی کاڵا پێویستەکانی خەڵک زۆربوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە؛ به شێوەیەک که لە گرووپی خۆراک و خواردنەوەکاندا، بینەری گەشەی ٥/١ لەسەدی بە بەراورد لەگەڵ مانگی خەزەڵوەر و گەشەی ٥١/٩ لەسەدی به نیسبەت سەرماوەزی ساڵی ڕابردوون.

گۆڕانی نرخەکان لە سەرماوەزی ئەمساڵدا، به بەراورد لەگەڵ مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا، زۆر بەرچاوە به شێوەیەک که نرخی میوە ٤/٧٩ لەسەد و نرخی گۆشتی سوور و سپی ٦٠ لەسەد بەرز بووەتەوە کردووە.

مەنسوور پووریان، بەرپرسی شۆرای دابینکردنی مەڕ و ماڵات باسی لە دابینکردنی جۆرەکانی گۆشتی سووری هاوردەکراو و ناوخۆیی کردووە و وتوویەتی: به هۆی گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور، بەکارهێنانی ئەم مادە خۆراکییە، لە لایەن بەشی کەمداهاتی کۆمەڵگاوە نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە؛ نرخی گۆشتی مەڕ و گوێلک لە بازاڕدا گەیشتووەتە ٧٠ تا ٨٠ هەزار تمەن.

ئەم بەرزبوونەوەی نرخه لە حاڵێکدایە، که بەپێی وتەکانی حەسەن سادقی، جێگری "خانووی کرێکار"، ٧٦ لەسەدی کرێکارەکان، لانیکەمی مووچە وەردەگرن و کرێکارەکان هەم وەکوو کەسانی خاوەنکار و هەم وەکوو خانەنشینکراو لاوازترین چینی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێن.