کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵكی قوروە ڕەخنەیان لە ناوەندە دەرمانییەکان هەیە

18:01 - 16 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هاووڵاتییان لە شاری قوروەی پارێزگای سنە، ڕەخنەیان لە ناوەندی دەرمانیی "بێهێشتیـ"ـی ئەم شارە هەیە و دەڵێن لەم نەخۆشخانەیەدا پێداویستی پێویست بۆ دەرمان و تەنانەت پزیشکی لێزانیش نییە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەواڵدەریی "فارس"، سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاو کراوەتەوە، خەڵکی شاری قوروە باس لەوە دەکەن کە لە نەخۆشخانەی "بێهێشتیـ"ـی شاری قوردوەدا، بەهۆی نەبوونی پزیشکی لێزان، نەخۆشییەکان بە دروستی دەسنیشان ناکرێن و پزیشکە گشتیییەکان بە پێدانی دەرمانی هەڵە و هەروەها کەمتەرخەمیی کادری دەرمانی، زۆربەی نەخۆشەکان کە نەخۆشیگەلێکی سەرپایی و سووکیشیان هەبووە گیانیان لەدەست داوە.

هاووڵاتییان باسیان لەوە کردووە کە کادرە دەرمانییەکان هیچ گرینگییەکیان بە نەخۆشەکانیان نەداوە و لە جیاتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، لە کۆتاییدا ناونیشانی ساردخانەیان پێ نیشان داون تاکوو تەرمی نەخۆشەکانیان ببەنەوە.

لەم پەیوەندییەدا، "پیرفەلاح"، بەرپرسی بێهداشتی قوروە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا پزیشک لە نەخۆشخانەکاندا هەیە، دەلێت: "لە هەموو ناوەندە دەرمانییەکانی گوندەکاندا پزیشکی گشتیمان هەیە، بەڵام پزیشکی لێزان نییە؛ لە هیچ شوێنێکی ئێراندا پزیشکی لێزانمان نییە".

نەبوونی پزیشک لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەتایبەت لە شارە بچووکەکاندا، گیانی خەڵکی لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە؛ سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانیش لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ ولامێکیان نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکانێکی زۆرتر دەبنە قوربانیی سیاسەتە مرۆڤکوژانەکانی ڕێژیمی ئێران.