کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای فیدراڵی بلژیک ماوەی بەندکردنی دیپلۆمات تیرۆریستێکی ڕێژیمی درێژ کردەوە

16:43 - 3 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ماوەی بەندکردنی دیپلۆمات تیرۆریستێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە لە لایەن ئاسایشی وڵاتی"بلژیک"ـەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ یەک مانگی دیکە زیاد کرا.

دادگای فیدراڵی وڵاتی بلژیک ڕایگەیاند، لە لایەن دادوەری تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە سەر کەیسی دیپلۆمات تیرۆریستێکی ڕیژیمی تاران بە ناوی "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" لە دادگای شاری ئانتورپ، بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەر کەیسی ناوبراو کە لە پیلانێکی تیرۆریستی کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان لە شاری پاریس پێتەختی وڵاتی فەرانسە دەستی هەبووە، ماوەی بەندکردنی بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کردەوە.

هێزەکانی ئاسایشی وڵاتی بلژیک لە ڕۆژی شەممە ۹ی پووشەڕی ۱۳۹۷ی هەتاوی، ئەو دیپلۆمات تیرۆریستییەی ئێرانیان لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی "نەسیمە.ن" بە تۆمەتی هاوکاری لە پیلانێکی تیرۆریستی لە وڵاتی فەرانسە، لە شاری ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش دستبەسەر کرد.

ئاسایشی شاری ڤییەن لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو تیرۆستەدا، ۵۰۰ گرەم مادەی تەقینەوە و چەند کەرەستەیەکی دیکەی تەقینەوەی لە ماشینەکەیدا دۆزیوەتەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکانی ئاسایشی ڤییەن، دەستبەسەر کراوەکە ویستوویەتی ئەو کەرەستە تەقینەوانە لە پیلانە تیرۆریستییەکە بەکار بهێنێت.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، لە ڕێکەوتی ۶ی بانەمەڕی ۱۳۵۹ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲۶ی ئاپریلی ۱۹۸۰ی زایینی لە شاری "خۆڕەماوا"ـی پارێزگای لۆڕستان لە دایک بووە، و بەرپرسی دووهەمی باڵوێزخانەی ئێرانە لە وڵاتی ئۆتریش.