کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داری خەبات لە گەلاوێژدا دەشنێتەوە

13:11 - 21 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەڕێوەبردنی چالاکییە تەبلیغییەکان، بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، چاونەترسان و خاکیپۆشانی دێموکرات لە شاری ئاربابەی قارەمانەوە و لە دوندی چیای "بابۆسـ"ـی سەربڵیند، مەکۆی پێشمەرگە و شاخەوانانی نیشتمانپەروەر، ئاڵای هەمیشە شەکاوەی کوردستان و ئاڵایەک بە ڕەنگی شینی ئاسمانییان، بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی ٢٥ی گەلاوێژ، هەڵکرد.

ئەو ئاڵایە بە درێژایی ٢٠ میتر و بە پانتایی ٦ میتر، بە دەستی ڕۆڵە بە جەرگەکانی بانەی قارەمانەوە دووراوە و لەسەر شاخی "بابۆس"، کە بەسەر شاری بانە و گوند و ناوچەکانی دەوروبەریدا دەڕوانێت، هەڵکرا.

هەروەها ئاڵایەکی شین کە دروشمی "پیرۆز بێ ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانـ"ـی لێ نووسرابوو، لەو شوێنەدا هەڵکرا.

 هە لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بۆکان، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەیاندنی پەیامی گەلاوێژی دێموکرات بە ئۆگرانی ئازادی، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییانەدا، ڕێژەیەکی بەرچاو لە تراکت و پۆستێر و سی دی و وتەکانی ڕێبەرانی شەهید، تایبەت بە یادی ٢٥ی گەلاوێژ، لە شوێنە جیاجیاکانی شاری بۆکان و دەوروبەری بڵاو کرایەوە و هەروەها، بە هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، خۆشحاڵییان خستە نێو دڵی ئازادیخوازانەوە.

ئەو شوێنانەی چالاکیی لێ ئەنجام درابوو بریتین لە: "ناوچەی پیرمحەممەد و ئەحمەدی کۆر، ئاواییەکانی باخچە، پاشبڵاغ، چوار دیوار، تەرەغە، عەزیزکەند، دونگوز، چاوەرچین و سەیداوا، پارکی ساحلی، پارکی شاخەڕەش، بلواری پردی تازە تا میراوا، بلواری شووسی بورهان تا کەهریزی مەحموود ئاغا، بلواری کوردستان، مەیدانی حەسەن زیرەک، بلواری مامۆستا هەژار و شەهرەکی فەرهەنگییان، تابلۆکانی جادەکانی سەقز و مەهاباد و بلواری جادەی سەد تا بیمارستانی تازە".

چالاکیی خاکیپۆشانی حیزب لە شاری بۆکان لەنێو دۆخێکی تەواو ئەمنیدا، بە سەرکەوتووانە بەڕێوە چوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە، ١٩ی گەلاوێژ، شۆڕشگێڕانی دێموکرات لە شاری شنۆ، سەردانی گوندی شەهید دوکتور قاسملووی نەمریان کرد و بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جامانە، پەیمانیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە کە هەتا سەر ڕێبواری ڕێگای شەهیدان بن.

هەروەها ڕۆژی دواتر و لە چالاکییەکی دیکەدا، ئەندامانی حیزب لە "قەڵاتووکـ"ـی شنۆ کە شوێنێکی سیاحەتییە، لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان هەڵدا.

هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٢٥ی گەلاوێژ، جامانە لە ملانی دێموکرات لە "حەسەن ئاوا"ی شاری سنە، بە نووسینی دروشمی تایبەت بەو یادە، ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتین لە: "بژی حدکا، بژی پێشمەرگە، بژی ڕاسان، ٢٥ی گەلاوێژ پیرۆز بێت، ٢٥ی گەلاویژ هیمای ڕاسانی نەتەوەیە".