کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارەکانی کوردستان قاچاخ دەکرێن بۆ کارخانەکانی باکووری ئێران

17:14 - 6 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ پڕ کردنی گیرفانی خۆیان، دارەکانی کوردستان دەبڕن و قاچاخیان دەکەن بۆ کارخانەکانی سازکردنی کاغەز لە باکووری ئێران؛ زۆربوونی قازانجی ئەم کارە وایکردووە کە دۆزینەوەی دار بۆ فرۆشتن وەکوو کێبڕکێی لێهاتووە.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ماوەیەکە رێگاوبانەکان بوونەتە شوێنی تێپەڕینی ئەو کامیۆنانەی کە باری قاچاخی دارییان پێیە؛ کارێکی نایاسایی کە لە ئاکامدا لە ناوچوونی دارستانەکانی کوردستانی بەدواوەیە.

یەکێک لەو کەسانەی کە وەکوو فرۆشیار لەم بوارەدا کار دەکات، دەڵێ: گرووپێکی ٤ کەسی لە ڕۆژێکدا زۆرتر لە ١٠ تۆن دار دەبڕنەوە و باری دەکەن کە ئەم دارانە بە مەبەستی درووستکردنی کاغەز و سندووق دەگوازرێنەوە بۆ کارخانەکانی باکووری ئێران.

فرۆشتنی دارەکان قازانجی زۆری هەیە، بۆ نموونە کەسێک کە دارەکان بکڕێت و بیانگوازێتەوە بۆ باکووری ئێرانیش بۆ هەر بارێک لە دارەکان زیاتر لە یەک میلیۆن تمەن قازانج دەکات، هەر بۆیە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە قاچاخی دار دەکەن ڕووی لە زیادبوونە و ڕکابەرایەتییەکیش لە نێوانیاندا درووست بووە.

سەعدی نەقشبەندی، بەرپرسی سەرچاوە سروشتیییەکانی پارێزگای سنە لەمبارەوە وتوویەتی: یەکەی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ پێشگرتن لە لەناوبردنی لێڕەوارەکان گەشت ئەنجام دەدا؛ ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە که لەم ساڵدا، پێشیان به ٢٤ کامیۆنی گواستنەوەی داری قاچاخ گرتووە کە زۆرترین جۆری دارەکان، داری بی و گۆیژ و گوێز بوونە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو کامیۆنانە بەدانی بەرتیل و بە پێی بەرنامەی پێشوەختە بە ئاسانی لە جادەکانی کوردستان تێدەپەڕن و کاری قاچاخی دارەکان به ئاکام دەگەیەنن.

پارێزگای سنە، بە تەنیا ٢/٦٣ لەسەدی جەنگەڵەکانی ئێرانی لەخۆ گرتووە. بە پێی بەراوردەکان بۆ بەرهەمهێنانی یەک تۆن کاغەز دەبێ ١٧ داری گەورە ببڕدرێنەوە؛ بە پێی ئەوەیکە هەر تاکێکی ئێرانی لە ساڵێکدا ١٣ کیلۆ کاغەز بەکار دەهێنێت و چونکە بۆ هەر تۆن کاغەز ١٧ دار ئەبێ ببڕدرێتەوە، کەوایە لە ساڵێکدا زۆرتر لە ١٥ هەزار دار لە ئێراندا دەبڕدرێتەوە کە وەک دیاردەکەوێ دارستانەکانی کوردستان پشکی هەرەزۆریان لەم بارەوە بەرکەوتووە. 

ئەوەیکە جێگای سەرنجە ئەمەیە کە بڕینی دارەکان لە باکووری ئێراندا قەدەغەیە، بۆیە زۆرترین گواستنەوەی دار لە کوردستانەوە بۆ باکوور ڕوو دەدات.

هەر لەم پێوەندییەدا ماوەیەک پێش ڕێژیمی تاران لە هەوڵێکی شەرمێونانەدا و بۆ بڕینی هەناسەی زاگرۆس، بەشێک لە مافیاکانی "دار"ی ڕەوانەی دارستانەکانی زاگرۆس کردبوو کە سەر بە سپای پاسداران بوون.

بەوتەی کارناسان و ژینگەپارێزان لە پارێزگاکانی ئیلام ، کرماشان ، سنە و لوڕستان ئەم هەوڵە تێکدەرانە دەستی پێکردووە و سپای پاسداران لەڕێگەی ئیدارەکانی وەک "جنگلبانی" هەوڵ دەدات بەرگێکی یاسایی بەبەر تێکدانی ژینگەی زاگرۆسدا بکات.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران به شێوازگەلی جیاواز وەکوو درووستکردنی ڕێگا و بان و بە ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست و ئێستاش بە قاچاخی دارەکان هەوڵی لەناوبردنی لێڕەوارەکانی کوردستان دەدەن، لە نوێترین حاڵەتیشدا دەستیان بە بڕینی دارە بەتەمەنەکانی بەڕوو لە مەریوان کردووە کە دژکردەوەی چالاکانی ژینگە پارێزیی بەدواوە بووە.