کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامپزیشکەکان دەبن بە پزیشک

11:05 - 23 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە ئیراندا ژیانی هاووڵاتییان بایەخی پێ نادرێت و بەشێک لە خوێندکارانی بواری دامپزیشكی، ڕشتەکەیان گۆڕیوە و لە پزشکیدا دەخوێنن.

ڕۆژنامەی "ئیعتماد"، یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە: "١٣٤ کەس لە منداڵانی ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانکۆی ئازاد کە ڕشتەی دامپزیشکییان دەخوێند، ئێستا پزیشكی دەخوێنن".

ئەو خوێندکارانە بە کەڵکوەرگرتن لە گۆڕینی ڕشتەکەیان لە بەشی پزیشکیدا دەخوێنن.

"بێهرووز بونیادی"، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئێمە بەدواداچوونی ئەو دۆسیەمان کردووە و پێش بەو کەڵکاژۆیە دەگرین".

بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی بەشی پزیشكی لە ڕێگای "سەهمییە"وە بۆ زانکۆکان قەبووڵ دەبن کە شارەزاییەکی باشیان لە کارەکانیاندا نییە.

"حەمید ئەکبەری"، جێگری پەروەردەی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خوێندکارانی ڕشتەی زانستی پزیشکی، بەپێی سەهمییە لە زانکۆکاندا قەبووڵ دەبن، ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر تەندروستیی کۆمەڵگای ئێران".

لە سیستمی پەروەردە و بارهێنانی ئێراندا، دوای وەرگرتنی "دیپلۆم"، سەرجەم قوتابییانی هەموو ڕشتەکان لە تاقیکارییەکدا بە ناوی "کونکوور" بەشداری دەکەن، هەتا بۆ زانکۆکان قەبووڵ بن.

لە کونکووردا بەشێک لە قوتابییان بە "سەهمییە" بۆ زانکۆکان قەبووڵ دەبن. سەهمییە بە مانای ئەوەیە کە ئەو قوتابییانەی کە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەک "بنەماڵەی شەهیدی ڕێژیم، ئیسارگەر، ئازادە، بەسیج و جانباز" ناسێندراون، لە کونکووردا لەبەرچاو دەگیردرێن و بۆ زانکۆ باشەکانی ئێران قەبووڵ دەبن.