کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی سکەی سامن، مایەپووچی خۆی ڕاگەیاند

19:06 - 28 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە، کە دامەزراوەی سامن تووشی مایەپووچی بووە و چارەنووسی سەرمایەی سەرمایەدانەران نادیارە.

بە پێی ڕاگەیاندنی بەشێک لە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، دامەزراوەی سکەی سامن، بە هۆی بەکارهێنانی ڕوباتە ڕێگەپێنەدراوەکان  لە لایەن کاربەرانی و هەروەها گەندەڵی یەکێک لە کارمەندەکانی بە ناوی مێردەکەی،  مایەپووچی خۆی ڕاگەیاندووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەو دامەزراوەیەدا هاتووە، کە کاربەران دەتوانن پارەکانی خۆیان بەبێ سوود داوا بکەن و سەرمایەی خۆیان بە زووترین کات بفرۆشن، کە ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی سەرمایەدانەران لەو دامەزراوەیەدا.

دامەزراوەی سکەی سامن کە بە ناوی"ئاریو پرگاس ئایلین" لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا تۆمار کراوە، لە زەمینەی کڕین و فرۆشتنی سکەی زێڕ بە شێوەی ئانلاین چالاک بوو و هەزاران کەس لەو ڕێگەیەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانییان دەکرد.

ئەو کەسانەی کە سەرمایەیان لەو دامەزراوەیە داناوە و لەو ڕێگەیەوە  ئاڵوگۆڕی بازرگانییان کردووە، لە چەند میلیون هەتا چەند میلیارد سەرمایەیان لەو دامەزراوەیەدایە، و ئێستایش چارەنووسی سەرمایەکانیان ناڕوونە و دامەزراوەی سامن لەو بارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.

دامەزراوەکان کە زۆرینەیان خاونەکانیان بەرپرسانی سپای پاسدارانن و کار و چالاکیان لەژێر چاودێری سپادایە، لەم ساڵانەی دواییدا زۆرینەیان  تووشی داڕمان بوونە و بە هۆی گەندەڵی داخراون، کە بەشێکی زۆریان سناریۆی خودی ڕێژیمە بۆ هەڵلووشینی سەرمایەی خەڵک.