کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی نەوت و ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا لە یەک ئاستدان

12:04 - 31 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە گەڕانی ماڵیی ماددە هۆشبەرەکان و ئاستی فرۆشی نەوت لە ئێراندا لە یەک ئاستدان.

ئیبراهیمی، دەبیری شۆرای هاوئاهەنگی خەبات بە دژی ماددە هۆشبەرەکان، باسی لەوە کردووە، کە قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا لە ئاستێکدایە کە لەگەڵ داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران هاوتەرازن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: تەمەنی نێوەنجیی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، گەیشتووەتە تەمەنی ١٤ ساڵ و تریاک، هروئین، شیشە و گوڵ، زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە هەتا ئێستە ٥٣ هەزار کەس بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، گیانیان لەدەست داوە.

ئەم وتانەی ئەو بەرپرسەی ڕیژیم لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیم خۆی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئێران هاوردە دەکات و هەوڵ دەدەات گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەر زیاد بکات و زۆرینەی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم سەرپەرستیی قاچاخی ماددەی هۆشبەر و بڵاوکردنەوەی لە ئێراندا دەکەن و داهاتێ کە لەو ڕێگەوە بە دەستیان دەگات، لە ڕێگەی تێرۆر لە جیهاندا بەکاری دەبەن.

تەنانەت سپای پاسدارانی ڕێژیم نەک لە ئێران، بەڵکوو لە ناوچەکە و جیهان بەتایبەت لە وڵاتە ئافریقایییەکان و ئامریکای باشووردا بازەرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات و تێچووی کردەوە تێرۆریستییەکانی لەو ڕێگەوە دابین دەکات.

زۆرجار بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، باس لەوە دەکەن کە بەتەواوەتی دژی قاچاخی ماددەی هۆشبەرن و لە هەوڵدان بنبڕی بکەن، بەڵام بەپێچەوانە بەشێک لە سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیم بە دژی خەڵکی ئێرانە و بەکارهێنەر و قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا بە هۆی دەسەڵاتداریەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نەک کەمی نەکردووە بەڵکوو ڕۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەکات.