کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ئارژانتین بۆ دەسبەسەرکردنی عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی

14:09 - 22 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئارژانتین، داوای لە ڕووسیە کردووە، کە عەلی‎ئەکبەر ویلایەتی دەسبەسەر بکات.

وەزارەتی درەوەی ئارژانتین، داوای لە مۆسکۆ کردووە، کە عەلی‎ئەکبەر ویلایەتی بە تۆمەتی تێوەگلانی لە تەقینەوەی ناوەندی یەهوودییەکان لە بۆینێس ئایرێس، کە لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی ڕووی داوە، دەسبەسەر بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، وڵاتی ئارژانتین خوازیاری ئەوەیە کە عەلی‎ئەکبەر ویلایەتی، بە تۆمەتی تێوەگلان لە کردەوەی تیرۆریستیی ئامیا، دەسبەسەر بکات و ڕادەستی ئارژانتین بکرێتەوە.

ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێونەتەوەیی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامێکی خامنەیی بە دەستی سەرکۆماری ڕووسیە، چووەتە مۆسکۆ؛ باس لەوە دەکرێت کە ناوبراو پەیامێکی زۆر گرینگی بۆ پووتین پێ بووە.

عەلی‎ئەکبەر ویلایەتی، بڕیارە هەتا ئەمڕۆ هەینی، ٢٢ی پووشپەڕ، مۆسکۆ بەجێ بهێڵێت و سەردانی پێکەن (پێتەختی چین) بکات، وەزارەتی دەرەوەی ئارژانتین ئەو داواکاریەشی لە چین کردووە.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئارژانتیندا هاتووە، کە ئەو داواکارییە لە چوارچێوەی "پەیمانی ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران لە نێوان دوو وڵاتـ"ـدا هاتووەتە ئاراوە.

لەو بارەیەوە چین و ڕووسیە هێشتا هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان بەو داواکارییەی وەزارەتی دەرەوەی ئارژانتین نیشان نەداوە.

ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی، بەرانبەر لەگەڵ ١٨ی ژوئینی ١٩٩٤ی زایینی، تەقینەوەیەکی تیرۆریستیی لە ناوەندی هاوکارییەکانی دوولایەنەی ئارژانتین و ئیسرائیل (ئامیا) ڕووی دا، کە بە هۆی ئەو تەقینەوەیە ٨٥ کەس کوژران و ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

لە ئاکامی بەدواداچوون بۆ ڕوونبوونەوەی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، دادگای ئارژانتین ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێرانی بە تۆمەتباری سەرەکی ناساند، کە لە ڕێگای حیزبۆڵڵای لوبنانەوە ئەو کردەوەیان ئەنجام داوە.

لەو دادگایەدا عەلی‎ئەکبەر ویلایەتی، کە وەزیرەی دەرەوەی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، بە هۆی بەکارهێنانی شێوەیەکی تایبەت لە کوشتار و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین، تاوانبار و بە تیرۆریست ناسێندراوە.

شایانی باسە، کە ٢٩ ساڵ لەمەوپێش، ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، ڕێبەری بلیمەتی گەلی کورد و سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی کە بە مەبەستی وتووێژ و چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد، ڕۆیشتبوونە ڤییەن، لەسەر مێزی وتووێژ و بە دەستی دیپلۆمات ـ تیرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران، کە بەداخەوە تێرۆریستان ئەگەرچی لە لایەن پولیسی ئوتریشەوە دەسبەسەر و ئاشکرا کران، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی ئەو کاتی ئەو وڵاتە ئازاد و بۆ ئێران بەڕێ کرانەوە.