کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو تێکۆشەری ڕێگەی ڕزگاری گەل لە مەریوان کۆچی دوایی کرد

10:17 - 9 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دایکی دوو ڕێبواری ڕێگەی ڕزگاری کە یەکێکیان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دایە فاتمە سلێمانزادە خەڵکی گوندی بایەوە مەریوان، دایکی شەهید عەلی سەعیدزادە شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە حاڵێکدا هیوای بۆ بینینی ڕۆژی ڕزگاری گەلەکەی کە ئاواتی کوڕە شەهیدەکانی بوو، دەخواست کۆچی دوایی کرد.

دایە فاتمە سلێمانزادە لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و خۆشناوی مەریوان بوو و بە یەکێک لە شێرەژنانی ناوچەی مەریوان دەناسرا کە هەموو کات شانازی بە ڕێبازی پڕسەروەری کوڕە شەهیدەکانییەوە دەکرد.

شەهید عەلی سەعیدزادە لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی پێوەندی تەشکیلاتی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و توانی دەورێکی بەرچاو لە ڕێکخستنی لاوانی شۆرشگێڕی ناوچەی مەریوان بگێڕێت؛ دواتر لەلایەن دژی‌گەلییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند مانگ ئەشکەنجە و ڕاگرتن لە زیندانی تاکەکەسی، ئێعدام کرا و پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوو.

هەروەها کوڕێکی دیکەی دایە فاتمە بەناوی مستەفا سەعیدزادە بەهۆی چالاکییە نیشتمانپەروەرانەکانی کەوتە بەر ڕقی دوژمنانی کورد و کوردستان و شەهید کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری دایە فاتمە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.