کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵات کۆچی دوایی کرد

12:59 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە گوندی ساروقامیش سەر بە شاری بۆکان، لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی دووشەممە، ٧ی گەلاویژ، دایە ''عیسمەت''، دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی ''ئەبوبەکر و عوسمان عەبدوڵڵاهی''، لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید ''ئەبوبەکر''، لە ساڵی ١٣٣٦، لە گوندی ساروقامیش لەدایک بووە. ناوبراو، لە هێزی پێشەوادا، لە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەدانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە گوندی ''سەرچنار''دا، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

شەهید ''عوسمان''، لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی، لە ساروقامیش لەدایک بووە و لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی، لە دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، لە گوندی ''ئاڵی کەند''دا، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. شەهید "عوسمان" لە هێزی بەیاندا، پلەی تەشکیلاتیی سەرپەلی هەبووە.

دایە ''عیسمەت''، کەسێکی نیشتمانپەروه‌ر بوو و تا دوایین هەناسەکانی ژیانی، به ڕێبازی کوڕەکانی وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا به خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری نابراو دەکات و خۆی به شەریكی خەمیان دەزانێت.