کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستان لە ناوچەی بانە کۆچی دوایی کرد

11:17 - 31 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدان سەعدوون شێنانی و عەبدوڵا شێنانی لە تەمەنی 107 ساڵیدا لە ناوچەی بانە کۆچی دوایی کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزردانی 1397ی هەتاوی دایە "رەعنا شێنانی" دایکی دوو شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان خەڵکی گوندی شێنانی شاری بانە لە تەمەنی ١٠٧ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە رەعنا یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانەی گەلی کورد بوو کە بە هۆی ئەوەی کوڕەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، بەردەوام بنەماڵەکەی لە ژێر هەڕەشە و گوشاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوو؛ هەر بەم هۆیەشەوە بە ناچاری زێدی خۆیان لە بانە بەجێهێشت و بۆ ناوچەکانی مەهاباد و بۆکان کۆچیان کرد.

کورێکی دایە رەعنا بە ناوی سەعدوون شێنانی کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانەدا کە بە شەڕی ساڵووک ناسراوە، شەهید بوو.

کورێکی تری دایە رەعنا بەناوی عەبدوڵا شێنانی  کە یەکێک لە فەرماندە ناسراوەکانی حیزبی دێموکرات بوو لەم ساڵانەی دواییدا و لە دەرەوەی وڵات کۆچی دوایی کرد؛ ناوبراو فەرماندەی پێشووی هێزی بەیان بوو کە لە ژێر فەرماندەیی ناوبراودا بە دەیان جار دوژمن تامی تاڵی شکستی چێشتووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی دایە ڕەعنا دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.