کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:53 - 8 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری نەغەدە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەر، دایە ''بەسێ شابازی''، دایکی شەهیدان ''عەبدوڵڵا و حەسەن ڕەمەزانی''، خەڵکی گوندی ''خەلیفەلیان'' سەر بە شاری نەغەدە، دوای تەمەنێکی پڕسەرەوەری، بۆ هەمیشه ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "بەسێ" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکانیەوە دەکرد و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکانی مایەوە.

شەهید "حەسەن ڕەمەزانی"، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە گوندی "خەلیفەلیان" لەدایک بوو. دوای هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو.

ناوبراو لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ساڵی ٦٣ی هەتاوی، لە شوێنێک بە ناوی "دێلکە" سەر بە شاری پیرانشار، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو و هەر لەو شوێنەدا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید "عەبدوڵڵا ڕەمەزانی" لە گوندی خەلیفەلیان لەدایک بوو. دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، وەکوو جێگرپەل ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبرد.

ناوبراو لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمەی ساڵی ٦٧ی هەتاوی، لە شوێنێک بە ناوی گوندی "چەقەڵ مستەفا" سەر بە شاری نەغەدە، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە "شەبەکی" مەهابادە.

تەرمی دایە "بەسێ" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.