کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی رێگای رزگاری کۆچی دوایی کرد

10:51 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەیزادە نەخشین محەممەدی دایکی شەهید عارف ئیسماعیلی خەڵکی ناوچەی هەوشار بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، سەیزادە نەخشین محەممەدی دایکی شەهید عارف ئیسماعیلی خەڵکی گوندی حەسەنلۆلانی ناوچەی هەوشار لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ژنێکی نیشتمانپەروەر و چاونەترس بوو؛ لە سەردەمی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی ماڵەکەی لانکی پیشمەرگەکانی هێزی هەوشار بوو؛ هەموو کاتێکیش بە شانازییەوە باسی لە ڕێگە و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی دەکرد.

تەرمی ناوبراو ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە لە گۆڕستانی سایین‌قەڵا بە خاک ئەسپێردرا.

شەهید عارف ئیسماعیلی لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی حەسەنلۆلان لە دایک بوو؛ لە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٦٤ی هەتاوی کە پلەی تەشکیلاتی جێگری پەل بوو، لە ناوچەی شلێر و لە شەڕێکی داسەپاوی نابەرامبەردا تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو و لە ئاوایی بۆردمەرە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و خزم و دەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێت.