کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی سوورخەڵات ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:48 - 2 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە شاری ورمێ، دایکی شەهیدێکی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی گەلاوێژ، خاتوو "نانو سەلیمی ئازەر"، دایکی شەهید "فەهیم باباکانی"، خەڵکی گوندی "حەماما"، سەر بە ناوچەی ئەنزەلی ورمێ، کۆچی دوایی کرد.

دایە "نانو" ژنێکی نیشتمانپەروەر بوو و هەمیشە شانازی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەیەوە دەکرد.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

شەهید "فەهیم بابەکانی"، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی "زەنگاوا" لەدایک بووە.

شەهید "فەهیم" بە هەست بە بەرپرسیاریکردن، پەیوەست به ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی بوو. بەهۆی لێهاتوویی توانی ببێت بە جێگری پەل و ئەرکی خۆی بەڕێوە ببات.

شەهیدی سوورخەڵات لە ڕێکەوتی ١٦ جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی گوندی "باوان"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی شەهید فەهیم لە گوندی "گێچە" هەڵکەوتووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.