کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ئازادیی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

12:10 - 23 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێكی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری مەریوان کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر، دایە "ئامینە سەعیدی"، دایکی شەهید "ئەحمەد ڕووزبه"، خەڵکی گوندی "گێڵی کەران''، سەر بە شاری مەریوان، دوای تەمەنێکی پڕسەروەری ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "ئامینە" ژنێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەر بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی وفادار مایەوە.

شەهید "ئەحمەد ڕووزبە" لە گوندی "گێڵی کەران" لەدایک بووە. ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەبێت.

ناوبراو بەهۆی لێهاتوویی لە پلەی تەشکیلاتیی کادری دەرجە ٤ی پێ دەدرێت و ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد.

دەرەنجام شەهید "ئەحمەد" ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە دەرگیرییەکەدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی "دەرەزیارەتی ژووروو"، سەر بە شاری سەقز، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان دەبێت.

گڵکۆی ناوبراو لە "دەرەزیارەتی ژووروو"یە.

تەرمی دایە "ئامینە" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.