کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کۆچی دوایی کرد

11:46 - 4 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی سەربەرزی رێگای ڕزگاری گەل و نیشتمان لە ناوچەی پیرانشار بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی دایە "ئامینە ئیبراهیم حەسەن" ناسراو بە "ئامینی حاجی مەلاعەبدوڵای نمنجی"، دایکی شەهید "حسەین حسەین‌پوور" لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.

شەهید "حسەین حسەین‌پوور" پێشمەرگەیەکی ئازا و قارەمانی حیزبی دێموکرات بوو کە لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لەکاتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دوژمنانی کورد و کوردستان بەدەستی چڵکاوخۆرێکی ڕێژیم پێکرا و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوو و تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی زەرگەتێن بە خاک ئەسپێردرا.

پاش کۆچی دوایی دایە ئامین و لەسەر داوای خۆی، تەرمەکەی لە تەنیشت گۆڕی شەهید حسەینی کوڕی لە نێو ئاپۆڕای چەند سەد کەسی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.