کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری کۆچی دوایی کرد

14:12 - 14 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ١٢ی گەلاویژ، دایە "ئامینە تەنارا"، دایکی شەهید "مەحموود سەبزی"، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە گوندی "باشڵاخ"، سەر بە شاری دیواندەرە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید "مەحموود سەبزی" ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە گوندی "شێخ حەیدەر"، سەر بە شاری دیواندەرە، لە دەرگیرییەکدا لەگەڵ هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم و تاریکپەرەستانی جەماراندا تێکەڵ بە کاروانی پڕ سەروەریی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە شوێنێک بە ناوی "بەردە ڕەش"ـه.

دایە ئامینە، هەتا دوا ساتەکانی ژیانی، بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجەکانی ڕۆڵە شەهیدەکەی، ژیانی بەسەر برد.

تەرمی خوالێخۆشبوو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی  پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.