کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

19:11 - 20 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پاش مەراقێکی زۆر بۆ هەلاتنی هەتاوی ئازادیی نیشتمان، سەرەنجام دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دایە "خاتوون کەریمیان"، دایکی شەهیدی ڕێگای ئازادیی گەل و نیشتمان، شەهید "حیسام کەریمی"، پاش تێپەڕاندنی تەمەنێکی زۆر بۆ بینینەوەی ئاکامی شۆڕشی گەلەکەی و خوێنی شەهیدان، سەرەنجام چاوە چاوەڕوانەکەی وێک نا و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید "حیسام"، ساڵی ١٣٤٦ هەتاوی، لە گوندی "قوڵ ئەستێر"ی شاری بانە لەدایک بوو. پاش پەیوەست بوونی بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، بە هۆی لێهاتوویی توانی ببێتە سەرپەل و ئەرکی حیزبی خۆی لەو پۆستەدا ڕاپەڕێنێت.

ناوبراو لە شەڕ و تیکهەڵچوونێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان، لە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٥ لە شوێنێک بە ناوی "پشتی سەدبار"، تێکەڵ بە کاروانی پڕ سەروەریی شەهیدان بوو.

تەرمی دایە خاتوون لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ئەو ناوچەیەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.