کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایكی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:50 - 24 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ورمێ بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان، دایە "مەحبووبە عەرەب نژاد"، دایکی شەهید "عەلی نەوین"، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕی سەر بە شاری ورمێ، دوای تەمەنێکی پڕسەروەری، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "مەحبووبە"، ژنێکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەدۆست بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد و هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی مایەوە.

شەهید "عەلی نەوین''، ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە شاری شنۆ لەدایک بووە. دوای پەیوەستبوون بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، بەهۆی ئازایی و لێهاتووییەوە، کادری دەرجە ٤ی پێدەدرێت و ئەرکەکانی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبات.

دەرئەنجام، شەهید "عەلی" لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕی ساڵی ٦٠ی هەتاوی، لە شوێنێکدا بە ناوی چیای "سیر"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە شوێنێک بە ناوی "مەندە دۆڵ"ـە.

تەرمی دایە "مەحبووبه" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا به خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.