کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر کەمئاوی لە ئابادان

13:15 - 3 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شاری ئابادان لە هەمبەر کەمئاوی لەو شارەدا درێژەی هەیە و خەڵکی ئەم ناوچە گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر ڕێژیم.

پاش ئەوەیکە، ئیدارەی ئابفای ڕێژیم لە ئابادان، ڕایگەیاند، کە ئاوی خواردەمەنی ئەو شارە جیرەبەندی دەکرێت، خەڵکی شاری ئابادان دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین و کۆبوونەوە لە بەردەم ئیدارەی ئابفای ئەو شارە و داواکارن کە ڕێژیم گرفتەکانیان چارەسەر بکات.

ڕێژیم بە گواستنەوەی ئاوی ڕووباری کارون بۆ بەسرەی عێراق و ناوچەکانی دیکەی ئێران، پارێزگای خوزستان بە تایبەت شاری ئابادانی تووشی قەیرانی کەمئاوی کردووە و دەستی کردووە بە جیرەبەندی ئاو لەو پارێزگایەدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە هەتا ئێستە بە بەردەوامی خەڵکی شاری ئابادان لە بەردەم ئیدارەی ئابفای ئەو شارە و فەرمانداری کۆدەبنەوە و بە دروشمدان بە دژی بەرپرسانی ڕێژیم، داوای چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو و هەڵگرتنی جیرەبەندی ئاو دەکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، خەڵکی شاری "وەحدەتییە" سەر بە پارێزگای بووشێهر بە ڕاگرتنی ماشینەکانیان، لەسەر ڕێگەی سەرەکی بووشێهر- شیراز بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە کەمئاوی، ئەو ڕێگەیان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر داخستووە.

خەڵکی ئەو شارە بۆ وەرگرتن و بەدەست هێنانی ئاوی خواردەمەنی، دەیان کاتژمێر لە ریزەکانی دابەشکردنی ئاو، ڕادەوستن هەتاکوو ئاوی خواردەمەنی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

کەمتەرخەمییەکان و پرۆژە ئاوییە ناکارامەکانی رێژیم، هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئاو لە ئێرانە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەگەری شەڕی نەتەوەکان لەگەڵ ناوەندی ئێران، ڕوو لە زیادبوونە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕێژیمی فاشیستیی ئێران، بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان و ئەحواز و باکووری ئێران، دەیهەوێت بیاوانەکانی ناوەندیی ئێران لە قەیرانی کەمئاوی ڕزگار بکات، بێ لەبەرچاوگرتنی مافی نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێران.