کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزینی بەڵگەنامەکان لە ئۆفیسی ڕێژیمی ئێران لە لاهە

18:22 - 29 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: نووسینگەی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەڵگە نهێنییەکان لە نووسینگەی ئێران لە لاهە دزراون.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە نووسینگەی ڕێژیمی ئێران لقی لاهەی هولەند، هەموو بەڵگەنامە نهێنییەکان و سەد هەزار یورۆ پارەی نەخت دزراوە.

لە حاڵێکدا کە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم باس لە دزینی بەڵگەکان دەکەن، هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم ڕەدیان کردووە کە بەڵگە نهێنییەکان دزرابن.

هەروەها هەندێک لە هەواڵدەرییەکانی دیکەی ڕێژیمیش بڵاویان کردووە کە پارەیەکی زۆر لە گاوسەندووقی ئەو نووسینگەیەدا هەبووە کە سەرجەمی ئەو پارەیه هەمووی دزراوە.

ناوەندی بابەتەکانی مافی نێونەتەوەیی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران، یەکێک لە لقەکانی بنکەی سەرکۆماریی ڕێژیمە کە لە لاهە کاروباری ڕێکخستن و چاودیری به سکاڵاکان دژی دەزگا حکوومەتییەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی ئیران جێبەجێ دەکات.

هێشتا وردەکارییەکان لەبارەی ئەو دزییە ڕوون نەبووەتەوە و پۆلیسی هولەند ڕایگەیاندووە کە دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیارییەکان، ڕاپۆرتی پێویست لەو بارەیەوە بڵاو دەکاتەوە.