کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزیکردن لەسەر شەقامەکانی ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە

10:13 - 6 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی قەیرانی ئابووری و هەژاری لە ئێراندا، دزیکردن لەسەر شەقامەکاندا و لە ڕۆژی ڕووناکدا ڕووی لە زیادبوون کردووە و هاووڵاتییان تەنانەت لە شوێنە گشتییەکاندا، لە ئەمنییەتدا نین.

قەیرانی ئابووری، هەژاری و بێکاری، ڕێژەی هەموو جۆرە تاوانێکی لە ئێراندا بەرز کردووەتەوە و لە هەنووکەدا دزینی مۆبایلی هاووڵاتییان لە ڕۆژی ڕووناکدا و لە شوێنە گشتییەکاندا، باو بووە.

بەپێی کورتەڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دزەکان لەسەر شەقامەکانی ئێراندا، مۆبایلی هاووڵاتییان بە هەموو شێوەیەک دەدزن.

لە ڤیدیۆیەکدا، هاووڵاتییەک بە هەڕەشەی چەقۆ مۆبایلەکەی دەدزرێت و لە ڤیدیۆیەکی تردا، هاووڵاتییەک لە کاتی قسەکردن بە مۆبایل، دزەکان لەدەستی دەدەن و مۆبایلەکە دەڕفێنن.

لە هەنووکەدا و بەهۆی دۆخێکی قەیراناوی کە ڕێژیم خولقاندوویەتی، ڕێژەی هەموو تاوانێک، لەوانە دزیکردن، لە ئێراندا بەرز بووەتەوە و هاووڵاتییان نە لە ڕۆژی ڕووناکدا هەست بە ئەمنییەت دەکەن و نە لە شوێنە قەڕەباڵغەکانیشدا.