کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواڕەوشی ژیان لە کوردستان

12:41 - 12 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەهۆی سیاسەتە پاوانخوازانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە خەڵکی ئاسایی لە شارەکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان لە دۆخێکی نەشیاوی ئابووریی و کۆمەڵایەتیدا دەژین بەچەشنێک کە ڕۆژانە خەڵک لەگەڵ کۆمەڵێک دیاردەی دزێوی وەک سواڵ‌کردن، کارتۆنخەوی، گۆڕخەوی، لەشفرۆشی، گەڕان بەدوای نانی شەو لەنێو زبڵدان و چەندین دیاردەی دیکە بەرەوڕوون؛ لێرەدا سەرنجتان بۆ بینینی ڕاپۆرتێکی مەیدانی لە یەکێک لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات ڕادەکێشین:

هاووڵاتییەکی شاری سەقز لە پێوەندییەکدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە: خەڵکی شاری سەقز کە دووهەم شاری پارێزگای سنەیە لەبەر بێکاری و بێ بازاڕی وەزاڵە هاتوون؛ ئیتر خەڵک توانای کڕینی شتومەکە ئاساییەکانی ژیانیان نەماوە؛ کاسبکار و دوکاندار و دەست فرۆش و کرێکاران کە بەشێکی بەرچاو لە حەشیمەتی ئەم شارە پێک‌دەهێنن دەرەتانیان لێ بڕاوە؛ بەچەشنێک کە پەیداکردنی نان چووەتە کۆڵی شێر.

ناوبراو هەروەها دەڵێ: بارودۆخەکە ڕۆژبەڕۆژ ئاڵۆزتر ئەبێ و هیچ‌کەسێک خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و کاتێکیش بەدوای هۆکارەکاندا دەگەڕێی هەر ئیدارەیەک و بەرپرسێک تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی ئەویتر؛ هەژاری بەردەوام لە پەرەسەندندایە و چینی مام‌ناوەند کە تا دوێنێ لانیکەم دەیتوانی ژیانی خۆی بەڕێوە ببات ئەمڕۆکە بۆخۆی بووەتە بەشێک لە چینی هەژار و کەم‌داهات و بە گومان و ترسەوە لە داهاتووی خۆی دەڕوانێت.

بەوتەی ناوبراو، ئەم ڕەوشە نەشیاوە تەنانەت ئێخەی دەوڵەمەندەکانیشی گرتۆتەوە؛ بەشێک لە دەوڵەمەندەکانیش دەناڵێنن چونکە کەس پارەی نییە تاکوو کەلوپەلە هاوردەکراوەکانیان بکڕێ یان ساخت وسازی خانووش بکا.

هەر لەم چوارچێوەیەدا هاووڵاتییەکی دیکە ڕایگەیاندووە: کرێ‌نشینە دەسکورتەکان توانای دابین کردنی کرێ خانووەکانیان نییە و لە زۆر حاڵەتدا کرێ‌نشینەکان چەندین مانگ درەنگتر لە وادەی خۆی دەتوانن کرێ وەدواکەوتووەکانیان بدەن بە خاوەن ماڵ.

کێشەی کرێنشینەکان دووکاندارەکانیشی گرتۆتەوە؛ بە دەیان دووکان لەم شارەدا بەهۆی نەبوونی داهات و داتەپینی بازاڕ ناچار بوون دووکانەکانیان دابخەن تا ئەگەر پارەیەکیان دەس ناکەوێت لانیکەم ناچار نەبن کرێ دووکانیش بدەن.

ئەو شوێنانەی کە کرێکارە ڕۆژکارەکان بەو هیوایە تێیدا کۆدەبنەوە تاکوو کەسێک بانگیان بکات و کارێکیان پێ بسپێرێ شەپۆلان دەدەن لە خەڵکی بێکار کە بینینی دیمەنی ئەو خەڵکە شەکەت و ماندووە بەو شێوە چاولەدەست و دۆشداماوە، مرۆڤ تووشی خەمۆکی و داهێزران دەکات.

بەوتەی بەشێک لە چالاکانی بازاڕ لە کوردستان، ئەم ڕەوشە بەتایبەت دوای ئەوە زۆر ئاڵۆزتر بووە کە سنوورە کۆڵبەرییەکان بەبڕیاری ڕێژیم داخران و کوردستانیان تووشی برسیەتی لەڕادەبەدەر کرد؛ ئەم کەسانە دەڵێن: کەسانی وەک بەناو نوێنەری مەجلیس کە لەکاتی پڕوپاگەندەکاندا باسیان لە پشتیوانی خەڵک و باش کردنی دۆخی ژیان و نەهێشتنی بێکاری دەکرد لە ئێستادا خۆیان کەڕ کردووە و هاواری خەڵکی بێدەرەتانی شارەکەیان نابیستن.

بەوتەی مامۆستایەکی خانەنشین کراوی ئەم شارە بەناوی "م.ع" سەرباری ئەوەیکە تەمەنم لە 65 ساڵ زیاترە بەڵام ناچارم بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانی خۆم و دوو کوڕی بێکارم کە هەر دووکیان بڕوانامەی باڵایان هەیە و کچە ئازەبەکەم کاری شۆفیری بکەم؛ دۆخی ژیانمان ئەوەندە ئەستەم بووە کە تەنیا خۆشییەکانی ژیانمان بوونەتە خەیاڵاتی ڕابردوومان.

چالاکێکی فەرهەنگی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ سەبارەت بەم پرسە و ژان و ئازارە داسەپاوەکان بە سەر شارەکانی کوردستاندا دەڵێ: ڕیا و درۆ و خەڵک‌فریودان بۆسامان و پوڵ و هەڵلووشینی داراییەکانی خەڵک لەلایەن لێپرسراوانی حکوومەتییەوە کارێکی وەهای کردووە کە ئەم کردارە نەشیاوانە هەنووکە بوونەتە نۆڕم و بایەخ و خەڵکی ئاساییش بۆ ئەوەیکە بتوانن بەردەوام بن لە ژیان کەڵکیان لێوەردەگرن؛کاتێکیش ئەتهەوێ هاوار بکەی لە ئاست ئەو تاوانە گەورەی کە دەرحەق بە خەڵک دەکرێت بەشێوەی بەرنامەدارێژراو خەڵکت لێ هان دەدەن کە ئەوانە سەر بە ڕێژیمن و نابێ متمانەیان پێ بکرێ.

ئەم چالاکە فەرهەنگییە دەڵێ: ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆی لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە بە هەزار شێوە فێڵ لە خەڵک دەکات؛ بەداخەوە کۆمەڵگای ئێمەش هەر خێرا باوەڕ دەکەن.

بەکورتی ئەوەیکە دەکرێ و ئەوەیکە دەبیندرێ بریتییە لە سیاسەتێکی دژەمرۆڤانەی ڕێژیم دەرحەق بە گەلی کورد کە ئەویش بریتییە لە سیاسەتی برسی کردنی گەلی کورد.