کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای تێپەڕینی پێنج مانگ، هێشتا خەڵکی لافاولێدراو ماڵ و حاڵیان نییە

12:09 - 22 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەشێکی زۆری خەڵکی لافاولێدراو، هێشتا لەنێو کانێکس و چادرەکاندا و لەوپەڕی نەبوونی خزمەتگوزاری و لە دۆخێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن.

زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هاتنی لافاو تێدەپەڕێت کە زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێرانی گرتەوە و زیانێکی ماڵی و گیانیی زۆری لێکەوتەوە کە پارێزگاکانی خوزستان، لوڕستان، گوڵستان و ئیلام زۆرترین زیانیان بەرکەوت. هەروەها چەندین گوند ژێر ئاو کەوتن و خەڵکێکی زۆر ماڵ و حاڵیان لەدەست دا.

بە وتەی هەندێک لە کارناسان، پرۆژە و کارە نازانستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و ڕێژیم، هۆکاری لەسەربوونی زەرەر و زیانەکانی ئەو لافاوە بوون.

لە هەندێک لەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی کە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم بڵاوی دەکەنەوە، سەرەڕای پێدانی بەڵێنیی چەواشەکارانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی زیان بەرکەوتوو، هێشتا خەڵکی ئەم ناوچانە لەنێو چادر و کانێکسەکاندا ژیان بەسەر دەبەن و هیچ جۆرە خزمەتگوازرییەکیان نییە، کە ئەم دۆخەش لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا دژوارتر دەبێتەوە.

لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکاندا دەردەکەوێت کە هاووڵاتییەکی خەڵکی پارێزگای خوزستان باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی ڕێژیم چەندین بەڵێن و وادەیان پێداون و هێشتا هیچیان جێبەجێ نەکردووە.

هەر لەم ڕاستایەدا، پێشتر" ڕەزا زەینیوەند"، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای لوڕستان، لە دانیشتنێکی شورای پلانداڕێژی و گەشەپێدانی لوڕستاندا ڕایگەیاندبوو: "١١٥ قوتابخانە لەو پارێزگایەدا بەهۆی سێڵاوەکان لەنێوچوون و ٣٣٣ قوتابخانەش پێویستیی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و ١٧٩ قوتابخانەش، کەرەستەکانیان لەنێو چووە".