کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین ڕەوشی ژیان لە کوردستان

12:50 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە پاش کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام و قووڵتر بوونەوەی گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ئێران، دۆخی ژیان بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە گەلێک ئاڵۆز بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی نابەرپرسی ئاخوندی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەرز بۆ ناوخۆی وڵات بەڕێژیەکی زۆرتر لە ڕادەی پێویست دەستی کردوە بە هەناردەکردنی میوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچە؛ هەر بەم هۆیەشەوە تەنیا لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا نرخی میوە لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان زیاتر لە چل لە سەد گران بووە .

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە ئاشکرای کردووە: ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەم وەرزەدا میوە لە ناوخۆی ئێران زۆرە و لە ناوچە گەرمەسێرەکانی ئێران و کێڵگە گوڵخانەییەکان بەشی تەواوی ئێران میوە بەرهەم دێت، کەچی ڕێژیم بە مودیریەتی سەقەت خەڵکی کەم داهات و بێکار لە خواردنی میوەیش بێبەش دەکات .

بەوتەی چالاکانی بازاڕ و چاودێرانی سیاسی لە کوردستان هەڵاوسانی بازاڕ، گرانی، بێکاری و دڵەڕاوکێ لە داهاتووی وڵات بابەتگەلێکن کە بیری خەڵکیان بە خۆیانەوە خەریک کردوە. 

بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا زۆر نابەرپرسانە مودیریەتی شتومەکی خواردەمەنی دەکات بۆ نمونە تەنیا لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا کیلۆیەک شووتی لە ٨٠٠ تمەنەوە بۆ ١٥٠٠تمەن و خەیار لە ١٨٠٠ تمەنەوە بۆ ٢٧٠٠ تمەن و گڕکەی تارۆم لە ١٥٠٠ تمەنەوە بۆ ٢٥٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە؛ زۆربەی میوەکان بە ڕێژەی بەرچاو گران بوون کە نێونجی گرانی لە نێوان چل تا پەنجا لە سەد مەزەندە دەکرێت .

یەکێک لە بازاڕییانی کوردستان لە پیوەندییەکدا لەگەڵ کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە کە هیچ کەس یان ئۆرگانێک خۆی لەم گرانییانە لە مانگی ڕەمەزاندا بە وڵامدەر و بەرپرسیار نازانێت و ئەوەیکە دەبێ تاوانی ناکارامەیی ڕێژیم بدات، خەڵکی بێدەرەتان.