کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو زیندانیی سیاسیی کورد ئیزنی مەرەخەسیان پێ درا

19:59 - 23 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مەرەخەسیان پێ درا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان محەممەئەمین ئاگوشی زیندانیی سیاسیی کوردڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ئیزنی مەرەخەسی پێ درا.

ئەو زیندانییە سیاسییە هەروەها داوای درێژکردنەوەی ئیزنی مەرەخەسی کردبوو کە ئەو داواکارییەی ناوبراو لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ڕێژیمەوە ڕەت کراوەتەوە.

محەممەدئەمین ئاگوشی لە زیندانی تەورێز ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات و بارودۆخی جەستەیی نالەبارە.

محەممەد ئەمین ئاگوشی خەڵكی شاری پیرانشارە و ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، بە تومەتی سیخوڕی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شەڕ لە ڕێگای یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم دەستبەسەر کرا.
هەر لەو پێوەندییەدا والی درودی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران لە زیندانی یەزد لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ڕێژیمەوە ئیزنی مەرەخەسی پێ دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان والی درودی هەر سێ مانگ ١٥ ڕۆژلە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ئیزنی مەرەخەسی پێ دەدرێت.

والی درودی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان ئیزنی مەرەخەسی پێ دراوە.

والی درودی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و هەتا ساڵی ١٣٧٢ لە زینداندا ڕاگیرا و ساڵی ١٣٧٥ بۆ جاریکی دیکە لە کوردستان دەستبەسەر کرایەوە و ئەمجارەیان بە زیندانی هەتاهەتایی و دووخستنەوە بۆ زیندانی یەزد، مەحکووم کرا و هەنووکەش پاش ٢٠ ساڵ حوکمەکەی لە زیندان تێپەڕ دەکات.