کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی باشووری کوردستاندا تێپەڕی

13:04 - 3 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: دوو ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمی مێژوویی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و کاردانەوەی بەرفراوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت.

لە ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری دووساڵ لەمەوبەر، باشووری کوردستان بە مەبەستی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، ڕیفراندۆمێکی ئەنجام دا کە بە هێنانەوەی زیاتری ٩٣ لەسەدی دەنگی "بەڵێ" سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد تۆمار کرا.

هەر لە کاتی دەستپێکی بانگەشەکان بۆ ڕیفراندۆم، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کەوتە دژایەتیکردنی ئەم کارە و گەلی کوردی لە باشوور بە هاوپەیمەنیەتی لەگەڵ ئیسرائیل و سعوودییە تۆمەتبار دەکرد.

لەسەر ئەم باسە، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات بەم شێوەیە بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا دوا: "ڕێژیمی ئێران وەک ڕێژیمێکی داگیرکەر باوەڕی بە دەنگی خەڵک و ڕێگەی دێموکراسی نییە. ڕێژیم دیدێکی ئەمنییەتیی لە بەرامبەر پرسی کورد بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. لە لایەکی ترەوە میللەتی کورد وا نیشان دەدات کە توانای ئەوەیان نییە خۆیان بەڕێوە ببەن".

 ناوبراو سەرەڕای ئاماژەدان بە پشتیوانیی بەرفراوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیفراندۆمی مێژوویی باشووری کوردستان و هاتنە سەرشەقامیان و بڵاوکردنەوەی شیرینی بە مەبەستی بەرزنرخاندنی ئەم ڕۆژە، سەبارەت بە هۆکاری پشتیوانیکردنی حیزبی دێموکرات لەم ڕیفراندۆمە، ڕایگەیاند: "حیزبی دێموکرات لە بەرنامە و ئەساسنامەی خۆیدا، باس لەوە دەکات کە مافی دیاریکردنی چارەنووس مافی بێ ئەملاوئەولای هەر نەتەوەیەکە. بەڵام بۆ ئێستای ئێران خوازیاری دەوڵەتێکی فیدراڵە کە هەموو نەتەوە و ئایین و بیروڕا جیاوازەکان تێیدا بە مافەکانی خۆیان بگەن".