کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووبارە هێرش کرایە سەر حەشدی شەعبی

12:28 - 2 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ئەمجار لە سنووری کەرکووک، بۆ جارێکی دیکە بنکەکانی حەشدی شەعبی لە لایەن فڕۆکەگەلێکی نەناسراوەوە هێرشیان کرایە سەر.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەزبەر، بنکەیەکی هێزەکانی "حەشدی شەعبی" لە سنووری کەرکووک، لە لایەن فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر.

لە زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشە تا ئێستا زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە بنکەکانی حەشدی شەعبی لە لایەن فڕۆکەگەلێکی نەناسراوەوە هێرشی دەکرێتە سەر.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو هیرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

هەروەها، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی خەرمانان، بنکەیەکی "حەشدی شەعبی"، لە لایەن فڕۆکەگەلی بێفڕۆکەوانەوە لە شاری "ڕوتەبە" لە پارێزگای ئەنبار، هێرشی کرایە سەر.

هەر لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەرییەکانی "فرانس پرێس" و "واشنتۆن پۆست"، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقییەوە بڵاویان کردووەتەوە کە شەوی ڕابردوو، ٢ مووشەکی جۆری کاتیۆشا، لە نزیک باڵویزخانەی ئامریکا و ناوچەی سەوز و مووشەکێکیش لە نزیک ڕووباری دیجلە لە بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە.

بەهۆی ئەم ڕووداوەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە، لە باڵوێزخانەکەدا لێدراوە و کارمەندەکانی ئەو باڵوێزخانەیە کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو مووشەکانەی لە ئەستۆ نەگرتووە و زانیارییەکی ئەوتۆ سەبارەت بەو هێرشانە بڵاو نەکراوەتەوە.