کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڕێژەی ناڕەزایەتیی کامیۆنداران لە تاران

12:04 - 20 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کامیۆنداران لە شەقامی شەهید بابایی تاراندا، درێژەیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین داوە.

ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شەقامی شەهید بابایی تاراندا، کامیۆنداران درێژەیان بە مانگرتنەکانی خۆیان داوە.

سەرەتای جۆزەردانی ئەمساڵ هەتا ئێستا، شۆفێران و کامیۆنداران لە ١٦٠ شاری ئێراندا دژ بە بڕینی یارانەی بیمەکانیان لە لایەن دەوڵەتەوە و هەروەها کەمبوونی کرێی بار، گرانبوونی شتومەکی کامیۆنەکان و ... دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین.

ئەگەرچی پاش چەند ڕۆژ مانگرتنی کامیۆنداران، دەوڵەت ٢٠ لەسەدی کرێی بارەکانی زیاد کرد، بەڵام کامیۆنداران درێژەیان بە مانگرتنەکانیان داوە.

هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن، کە مانگرتنی کامیۆنداران لە شارەکان، کۆمەڵێک کێشە و گرفتی وەک کەمیی سووتەمەنی و مانەوەی بارەکانی لێ کەوتووەتەوە.

فیدراسیۆنی گواستنەوەی نێودەوڵەتی کە نوێنەرایەتی ١٩ میلیۆن کرێکاری گواستنەوە لە ١٤٠ وڵاتی جیهان دەکات، پشتگیری خۆی بۆ ناڕەزایەتیی کامیۆندارانی ئێرانی ڕاگەیاند و مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی بە مافی ڕەوای خەڵک زانیوە.