کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوە جیهانییەکان لەهەمبەر سیاسەتی نوێی ئامریکا

11:27 - 1 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سیاسەتی نوێی ئامریکا لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن مایک پۆمپێئۆ لە دامەزراوەی هێریتیچ ڕاگەیەندرا، کۆمەڵێک دژکردەوەی لە ئاستی جیهانیدا لێکەوتەوە.

لە یەکەم هەڵوێستدا بێنیامین نێتانیاهوو وێڕای پێشوازی کردن لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند: سیاسەتی هەنووکەیی ئامریکا لەهەمبەر ئێران سیاسەتێکی درووستە و ئیسرائیل پشتیوانی لێدەکات.

هەروەها وڵاتانی ئیمارات و بەحرەین بەتەواوی مانا داکۆکییان لە قسەکانی پۆمپێئۆ کرد؛ وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی ئیمارات چەند کاتژمێر پاش قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند: هەوڵی یەکگرتوو و یەکپارچە، ڕێڕەوێکی درووستە تاکوو ئێران لە سیاسەتە زێدەخوازانەکانی دوور بخاتەوە؛ وەزارەتی دەرەوەی بەحرەینیش وتوویەتی: وڵاتەکەی بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران خۆی لە بەرەی ئامریکادا دەبینێتەوە.

لەبەرامبەریشدا هەر کام لە فێدریکا مۆگێرێنی و بووریس جانسۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەکیەتی ئەورووپا و وەزیری دەرەوەی بریتانیا هاوهەڵوێست لەگەڵ حەسەن ڕوحانی دژ بە سیاسەتی نوێی ئامریکا هەڵوێستییان گرت.

سەرکۆماری ڕێژیم لە دژکردەوە بە قسەکانی پۆمپێئۆ، کە یەوپەڕی دۆشداماوی پێوە دیارە ڕایگەیاندووە: ئەوەیکە کەسێک کە ساڵانێک لە ناوەندێکی سیخوڕیدا بووە، بیهەوێ وەک وەزیری دەرەوەی ئامریکا بۆمان دیاری بکات چی بکەین یان چی نەکەین بۆ ئێمە جێگەی قبووڵ کردن نییە.

جیاواز لە هەڵوێستە سیاسی و فەرمییەکان و تەنیا چەند کاتژمێر پاش قسەکانی پۆمپێئۆ هەزاران کاربەری تویتێری بە هەشتەگی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران (#iranregimechange) خوازیاری سەرەونخوون کردنی کۆماری ئیسلامی بوون.

ئەوەیکە لە تویتی زۆربەی کاربەراندا بەدی دەکرێت ویستی ئەوان لەهەمبەر ڕووخاندنی ڕێژیم و جێگیرکردنی دێموکراسی و ئازادی، هاوکات لەگەڵ پشتیوانی کردن لە ئامریکا و سیاسەتە نوێکەی بەرامبەر بە ئێرانە.

جیا لە تۆڕی تویتێر، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش لەوانە فەیس‌بووک، تێلێگرام و ئینستاگرامیش پراوپڕ بوون لە دژکردەوەی بەکاربەران کە خوشحاڵی خۆیان لەهەمبەر ئەم سیاسەتە نوێیە نیشان داوە و مزگێنی ڕوخانی ڕێژیم بە یەکتر دەدەن.