کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەکان لە هەمبەر لەسێدارەدانی محەممەد سەلاس

12:39 - 29 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لەسێدارەدانی محەممەد سەلاس، یەکێک لە دروێشەکانی گونابادی که بە وەپاڵدانی تۆمەتی سێ كەڕەت کوشتنی بەئەنقەست به سێ جار ئێعدام مەحکووم کرابوو، دژکردەوەی چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەدواوە بوو.

سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکردنی حوکمی ناڕەوای لەسێدارەدانی محەممەد سەلاس، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، حوکمی ئەم دەروێشە گونابادییه له زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا، جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی محەممەد سەلاسی ٥١ ساڵەی مەحکووم کرد. لەم ڕاگەیەندراوەدا سەرەڕای مەحکوومکردنی کردەوەکەی ڕێژیمی ئێران، باس لە ڕەوتی ناڕەوای دادوەری لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی محەممەد سەلاس کراوە و هەروەها هاتووە: سەرانی ڕێژیمی ئێران لەم پێوەندییەدا پێشینەیەکی قیزەونیان هەیە و لەسێدارەدانی ئەم دەروێشە ئەوەندە سەیر و سەمەرە و دڵتەزێنە کە حاشا لە مەودای نێوان ئەم کردەوە و دادپەروەری وەسف ناکرێ و ئەم کارە که دژکردەوەی ناڕەزاتەتیدەربڕینی خەڵکە، نەک دادپەروەرانە نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ تۆڵەکردنەوە ڕووی داوە.

لە لایەکی ترەوە عەلی، کوڕی محەممەد سەلاس، جگە لە جێبەجێبوونی پێشوەختی حوکمەکەی باوکی لە گرتەیەکی ڤیدئۆیدا باسی لە ئاسەواری ئەشکەنجەکانی سەر جەستەی باوکی کردووە و وتوویەتی: کە پێش لە چوونەژوورەوەی بۆ دادگا لە لایەن کەسانی دادگاوە گریم دەکرا تا ئاسەواری ئەشکەنجەکانی پێوە دیار نەبێت و نەبێتە هۆی کاردانەوەی زیاتر لەم بارەوە.

زەینەب تاهیری، پارێزەری محەممەد سەلاسیش، ڕۆژێک پێش لە جێبەجێبوونی حوکمەکەی محەممەد، لە تویتری تاکەکەسیی خۆیدا به نیسبەت حوکمی ئێعدامی ناوبراو دژکردەوەی نیشان دابوو و نووسیبووی: "من وەکوو پارێزەرێک کە چەندین ساڵە کاری پارێزەریی دەکەم، گارانتی ئەوە دەدەم کە ناوبراو بێتاوانه و هۆکاری حاشاهەڵنەگریشم بۆی هەیە. هەروەها وتوویەتی: ئەگەر بڕیارە به هۆی بێتاوانی کەسێکی بێتاوان دەستبەسەر بکرێم ، تکایە دەستبەسەرم بکەن چونکە من ناتوانم شەرافەتی خۆم بفرۆشم".

پاش لەسێدارەدانی محەممەدی سەلاس زۆربەی چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مەدەنی و تەنانەت خەڵکی ئاساییش لە چوارچێوەی دانانی پۆست و وێنە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی خۆیان خسته پاڵ دەنگی ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە ئەم کردەوە قیزەونەی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردبوو.

ئەمە یەکەمین جار نییە، لە مێژووی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێراندا که به لەسێدارەدانی کەسانێکی بێتاوان هەوڵی ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران دەدات و به دڵنیاییەوە بێدەنگی هەرچی زیاتری خەڵکی ئێران کردەوەی قیزەونتر و دژەمرۆڤانەتر لەمەی بە دواوە دەبێ.