کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم نوێنەرایەتی UN خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

17:00 - 4 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم نوێنەرایەتی UN لە شاری هەولێر خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری هەولێر لە بەردەم نوێنەرایەتی UN شوێنی خۆپیشاندانەکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانێکی بەرینیان لە بەردەم نوێنەرایەتی UN لە پێتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە برد.

لە خۆپێشاندانانەدا، سەرەکیترین داواکاریی خۆپێشاندەران پاراستنی ئەمنییەتی کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە ئەو داواکارییە بە گۆی کۆمەڵگای جیهانی بگەێنن.

ئەو خۆپێشاندانە هاوکات بوو لەگەڵ ٧٣هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەو خۆپیشاندانەدا، خۆپێشاندەران بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی داواکارییەکانیان ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندەوە.

دواتر خۆپیشاندەران لە بەردەم کۆنسولخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە شاری هەولێر، دژی جەنایەت و تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

له بەردەم کۆنسولخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا "تەوار قادری" چالاکی مافی ژنان بە زمانی ئینگلیزی ڕوو لە وڵاتی ئامریکا پەیامێکی خوێندەوە و دواتر "شلێر مەحموودی" سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە زمانی کوردی ڕوو وڵاتی ئامریکا پەیامێکی پێشکەش کرد.

پاشان "فاتمە عوسمانی" سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد، ئامانجی ئێمە لەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە بە جیهان ڕابگەێنین کەمپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن؛ لەژێر هەڕەشە و مەترسی ڕێژیمی تێرۆریستیی تاران دایە و دەبێ کۆمەڵگای جیهانی لەبەرانبەر هەڕەشە و هێرشەکانی ڕێژیمی ئێراندا  دژی کەمپەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ نەبێت.

هاوکات "شلێر مەحموودی" سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، مەبەست لەو خۆپیشاندانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئێمە بە دنیا ڕابگەێنین کە ڕێژیمی ئێران بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و شوێنی ئیدارییەکانی مووشەکباران کردووە کە بەو هۆیەوە چەندین کەس لەوانە ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی شەهید بوون.

لەو خۆپیشاندانەدا، "شنە درودگەر" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوە کرد، ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە هەتا بە جیهان ڕابگەێنین کە ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی تێرۆریستییە و ئەو ڕێژیمە هیچ ئوسوول و یاسایەک ناناسێت و دەست بۆ هەموو جەنایەتێک دەبات بۆیە کۆمەڵگای جیهانی دەبێ بەرەنگاری کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بێت.