کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژە دیکتاتۆر

18:44 - 16 گەلاوێژ 2719

میر زانیار

 ڤیکتۆر هوگۆ: "کاتێک دیکتاتۆری دەبێتە هەقیقەت ئەوا شۆڕش دەبێتە ماف"

ئایدیا، بیروباوەڕ و تێڕوانینگەلێکی زۆری مرۆڤتەوەر و دێموکرات لە چەرخی مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ دابینکردنی ئازادی و سەربەستیی مرۆڤ و داماڵینی لە کۆت و زنجیرە جۆراوجۆرەکانی کۆیلایەتی پێکهاتوون، بەڵام لە هەمانکاتدا مێژووی مرۆڤایەتی خاڵی نییە لە نموونگەلێکی دزێو و قێزەونی ڕێژیم و دەسەڵاتی سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەر، ئەمە بەو واتایە دێت کە لەگەڵ هەبوونی خەون و ئایدیای سەربەستی و ژیانی بەختیارانە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە لایەک، هاوکات کەسانێکش هەبوون و هەن و دەشبن کە ئاوات بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤ بخوازن و هەوڵ بدەن بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێت مرۆڤ لە چوارچێوەی هەقیقەتی خۆیاندا قەتیس بکەن و هەر بیروباوەڕ و تێڕوانینێکی دەرەوەی چوارچێوە باوەکانی خۆیان بە تاوان بزانن و بەداخەوە ئەم ڕەوتە تا ئێستاش لە سەدەی ٢١ و سەردەمی تێکنۆلۆژی و بەجیهانیبووندا بەردەوامە و لە دنیای ئەمڕۆیشدا مرۆڤگەلێکی زۆر هەن کە ناتوانن لایەنی کەمی ژیانێکی سەربەرزانەی سەربەست بژین و بەڵکوو بە پێچەوانەوە بە شێواز و ڕێگەی جۆراوجۆر دەچەوسێنرێنەوە و کەرامەتی ئینسانیان لەژێر پۆستاڵی سیستەمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکاندا ورد دەکرێت.

خاڵی جێگەی سەرنجی سیستمە دیکتاتۆرەکان ئەوەیە کە هەرچەندە ئەو سیستمانە هەوڵ بدەن لە ڕێی ئەرکانە جیاوازەکانی دەسەڵاتەوە خەڵک کۆنترۆڵ بکەن و وێنەی بەهێزبوونێکی هەتاهەتایی لە خۆیان نیشان بدەن بەڵام ڕۆژانێک دێن کە ئەو هێز و هێژموونییەی ئەوان باسی دەکەن دەبێتە بڵقی سەرئاو و دەسەڵاتە سەرەڕۆکەیان لە بەرامبەر ئیرادەی خەڵک دۆشداماو دەبێت و لە کۆتاییدا ئەوانیش دەبنە مێژوو و لە زبڵدانی دیکتاتۆرەکاندا شوێنی شایانی خۆیان وەردەگرن، لێرەدا پرسیار ئەوەیە خەڵکی کە دەزانن خاوەن و سەرچاوەی دەسەڵات ئەوانن ئەدی بۆچی ئاوا درەنگ وەخۆدێنەوە؟

سیستەمە دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکان بەردەوام کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی خەڵک دەکەن، بە جۆرێک کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن باوەڕ و متمانە لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگە نەمێنێت و بە برەودان بە ترس و تۆقاندن و تێرۆر، تروسکایی هیوا بۆ ئاڵوگۆڕ لە دڵی خەڵکدا نەهێڵن، بۆیە لە بارودۆخێکی لەم چەشنەدا خەڵک چاوەڕوان دەمێننەوە بۆ کاتی گونجاو، کاتێک کە تێیدا حەرەکەتێک ڕوودەدات حەرەکەتێک کە ڕەنگە سادە و سیمبولیکیش بێت، بەڵام هەڵگری پەیامێکە، پەیامێکی قووڵ کە دەسەڵاتە سەرەڕۆکان دەهێنێتە لەرزە و خەڵک بەئاگا دەهێنێتەوە لە توانایی و هێزی خۆیان لێرەدایە گرینگی و ڕۆڵی دژە دیکتاتۆرەکان واتە تاکە وشیار و ئازادەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیکتاتۆری لێدراو دەردەکەوێت، کەسانێک کە لە ڕاستی و توانایی و هێز و ئیرادەی خەڵک ئاگادارن و هەوڵ بۆ بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگە دەدەن بەمەش هەوڵ بۆ کۆتایهێنان بە چەوساندنەوەی ئینسان و دابینکردنی ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە لە وڵاتدا دەدەن، بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە دەتوانم بڵێم وشیاری تاکەکانی کۆمەڵگە دوژمنی سەرەکی دیکتاتۆرەکانە، وشیاری ئەو هێزەیە کە خەو لە چاوی دیکتاتۆرەکان دەتارێنێت و کۆڵەکە لەرزۆکەکانی دەسەڵاتیان دێنێتە لەرزە و تاکێکی ناوشیار دەکاتە تاکێکی وشیار و دژە دیکتاتۆر.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.