کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵەڕاوکێی بەرپرسانی ڕێژیم پاش سەفەری مایک پۆمپێئۆ بۆ وڵاتانی ناوچەکە

10:52 - 24 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: پاش سەفەری مایک پۆمپێئۆ بۆ وڵاتی عێراق و بڵاوبوونەوەی هەواڵی دانیشتنی چەندین وڵات لە لەهستان، لەسەر ڕێژیمی ئێران، لە مانگی داهاتوودا، بەرپرسانی ڕێژیمی تووشی دڵەڕاوکێ و ترس بوون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار، چوار ڕۆژ پاش سەفەری مایک پۆمپێئۆ بۆ وڵاتی بەغداد و بڵاوبوونەوەی هەواڵی دانیشتنی چەندین وڵات بە سەرپەرەستیی ئامریکا، لە وڵاتی لەهستان، لە ڕێکەوتی ٢٤ و ٢٥ی ڕێبەنداندا، لەسەر سیاسەتەکانی ڕێژیم، زەریف لەگەڵ شاندێکی سیاسی و ئابووری بۆ بەغداد سەفەری کرد.

زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، هەر لە سەرەتای گەیشتنی بە بەغداد، داوای لەو وڵاتانەی کە لە نێوان ئێران و عێراق کێشە دروست دەکەن، کە "لەسەر ئەسپی دۆڕاو مەرجبەندی نەکەن".

ئەم داواکارییەی زەریف، بە هۆی ئەوە بووە کە مایک پۆمپێئۆ لە دانیشتن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، باسی لەوە کردبوو، کە کۆشکی سپی چاوەڕوان و خوازیاری هەڵویستی توندی عێراق لە هەمبەر ڕێژیمی ئێرانە.

 زەریف کە هەتا ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانبار لە عێراق دەمێنێتەوە، بڕیارە لە درێژەی سەفەرەکەیدا سەردانی هەرێم کوردستان بکە و بەناو لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئابووری و کۆمپانیا تایبەکاندا، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمیش دانیشتن پێک بێنێت.

ئەگەرچی زەریف، مەبەست لە سەفەرەکەی بۆ کاروباری ئابووریی و کەرتی تایبەت گەڕاندووەتەوە، بەڵام بەپێی قسەکانی ناوبراو، ئەم سەفەرە زیاتر مەبەستی سیاسی و هۆکاری ترس و دڵەڕاوکێی بەرپرسانی ڕێژیمی لە پشتە.