کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی زیندانەکانی ئێران مەترسیدارە

12:54 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەناو بەرپرسێکی ڕێژیم، دان بە نابەرپرسایەتی و بێکیفایەتیی بەرپرسانی زیندانەکانی ئێراندا دادەنێت و باس لە مەترسیداربوونی زیندانەکانی ئێران دەکات.

"جەلیل ڕەحیمیی جەهان ئابادی"، ئەندامی کۆمیسیۆنی دادوەری و حقوقیی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی کە لە ڕووی ئەخلاقی و ئەمنییەتی و کەیفەرییەوە، تاوانگەلێک لە زیندانەکاندا ڕوو دەدات کە ڕێکخراوی زیندانەکان، توانای کۆنترۆڵکردنیانی نییە.

ناوبراو باسی لە زەروورەتی جیاکاری و پۆلێنبەندیی تاوانەکان و تەمەنی زیندانییەکان و پێداچوونەوە بە یاسا جەزایی و کەیفەرییەکانی ڕێژیمدا کردووە.

ئەو بەناو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم، ڕەخنەی لە بێکیفایەتیی بەرپرسانی زیندانەکان، بەنیسبەت جیاکردنەوەی زیندانییەکان گرتووە و وتوویەتی: "زیندانییەکان لە زینداندا دەبنە تاونبارگەلی مەترسیدار".

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بۆ خۆی و بە شێوەی سیستماتیک، زیندانییە سیاسییەکان تێکەڵ بە بەندی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، تا نکۆڵی لە هەبوونی زیندانییە سیاسییەکان بکات و لە کاتی پێویستیشدا لە ڕێگەی دەستپەروەردەکانیانەوە لەنێو زیندانەکاندا، لەنێویان ببەن.