کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تاوتوێ کرا

10:40 - 24 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندام پارلمانی ئورووپا کۆ بووەوە و باسی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتدا لە پارلمانی ئورووپا، لەگەڵ "ئیزابل سانتۆس"، ئەندامی کۆمیسیۆنی مافی ئورووپا کۆ بوونەوە.

لەو دیدارەدا باس له دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرا.

لەم سۆنگەیەوە نوێنەری حیزبی دێموکرات پێشێلکارییە مرۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە بەر نەزەری "ئیزابل سانتۆس".

لەو دیدارەدا، "سانتۆس" داوای کرد پارلمانی ئورووپا لەسەر هەلومەرجی نێوخۆیی ئێران بەتایبەت دۆخی نەتەوەکانی ئێران و کەمە نەتەوەییەکان بێ هەڵوێست نەبێت. 

بۆ ئەم مەبەستە بابەتگەلێک وەک زیندانییانی سیاسی، لەسێدارەدان، کۆڵبەران و مێلیتازیزەکردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات خرایە بەر باس. لە هەمان کاتدا لەسەر دۆسیەی "زارا محەممەدی"، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و " محەممەد نەزەری"، زیندانیی سیاسی، گفتوگۆ کرا.

''سانتۆس'' جەختی کردەوە کە لە بەرنامەکانی داهاتووی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ ئەم بابەتانە لە بەرچاو بگیردرێت. هەروەها بەڵێنیی ئەوەی دا کە هاوکار بێت لەو کەمپەینانەی کە بۆ گەیاندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە و دێنە ئاراوە.